بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێم: ڤیزای سەرجەم حاجییانی هەرێمی کوردستان گەڕاوەتەوە
وێستگەنیوز-
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، سەرجەم کاروبارەکانی حاجییان بۆ ئەمساڵ بە ئاسایی بەڕێوە دەچن و ڤیزای هەموو حاجییانیش گەڕاوەتەوە.
ئەمڕۆ شەممە 4ی نیسانی 2026، کاروان ستوونی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "ئەمساڵیش حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، پاڵپشتییەکی گەورەی بۆ پڕۆسەی حەج دابین کردووە، ئەمەش وای کردووە تاوەکو ئێستا کاروبارەکان بە شێوەیەکی زۆر ئاسایی و رێکوپێک بەڕێوە بچن".
ئاماژەی بەوەکرد، "تاوەکو ئێستا ئامادەکارییەکانی پڕۆسەی حەج لە هەرێمی کوردستان، عێراق و سعودییە بەپێی پلانەکان بەردەوامن و سەرەڕای ئەو ئاڵۆزییانەی لە ناوچەکەدا هەن، هیچ جۆرە وەستانێک لە کارەکاندا دروست نەبووە".
سەبارەت بە ڤیزای حاجیان، کاروان ستوونی وتی، "ئێستا ڤیزای سەرجەم حاجیانی هەرێمی کوردستان گەڕاوەتەوە و لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزەکەدا هیچ کێشەیەکیان نابێت".
وتیشی، "بڕیارە لە رێکەوتی 18ی نیسانی 2026، ڤیزای حەج بە فەرمی چالاک بکرێت و لەو کاتەوە وەرزی حەج بۆ هەموو وڵاتانی جیهان دەستپێدەکات".
راشیگەیاند، "ئەگەر بارودۆخی ئەمنی و شەڕ لە ناوچەکەدا بەردەوام بێت، بە ئەگەرێکی زۆرەوە گەشتی حاجییان لە رێگەی ئاسمانییەوە دەکرێتە رێگەی وشکانی، لەو بارەیەشەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی ئەوقاف بڕیاری کۆتایی لەسەر شێوازی گواستنەوەی حاجییان دەدەن".
PM:08:43:04/04/2026
ئهم بابهته 264
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت