بارزانی: ئەرکی سەرشانی دەوڵەتی عێراقە قەرەبووی کوردانی فەیلی بکات


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ شەممە، 4ـی نیسانی 2026، مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ساڵیادی جینۆسایدی کوردانی فەیلی پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، چواری نیسان ڕۆژێكی خەمناكە لە ساڵنامەی گەلی كوردستان، كوردانی فەیلی لەژێر دەسەڵاتی شوومی رژێمی پێشووی عێراقدا ئازار و دەرەبەدەریی زۆریان بینیوە و هیچ مافێكیان پێ ڕەوا نەبینراوە.

دەقی پەیامەکە:

بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان

چواری نیسان ڕۆژێكی خەمناكە لە ساڵنامەی گەلی كوردستان، یادی جینۆسایدكردنی خوشك و برایانی فەیلیە كە بەهۆی كوردبوونیانەوە ڕووبەڕووی چەوساندنەوە و كۆمەڵكوژی و زوڵم بوونەوە. كوردی فەیلی لەژێر دەستەڵاتی شوومی ڕژێمی پێشووی عێراقدا ئازار و دەرەبەدەریی زۆریان بینیوە و هیچ مافێكیان پێ ڕەوا نەبینراوە. شەهیدكردنی هەزاران گەنج و سەندنەوەی ناسنامە و دەركردنی دەیان هەزار خانەوادەی كوردی فەیلی بەشێك لە پیلان و ئەو سیاسەتە نامرۆڤانەیە بوو كە لە دژی گەلی كوردستان بە شێوەیەكی ڕێكخستوو و بە بەردەوامی لە لایەن ڕژێمی پێشووی عێراق ئەنجام دەدرا.

لەیادی چل و شەش ساڵەی جینۆسایدكردنی كوردانی فەیلیدا هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدانی كوردی فەیلی و هەموو شەهیدانی کوردستان دەنێرین. ئەرکی سەرشانی دەوڵەتی عێراقە قەرەبووی ئازار و نەهامەتییەکانی خوشک و برایانی کوردانی فەیلی بکات. لەو یادەدا ڕۆڵی تێكۆشەر و خەباتگێڕانی كوردی فەیلی لە پاڵپشتیكردنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستان هەرگیز لەیاد ناكرێت و كوردی فەیلی هەمیشە بەشێكی ئازیزی گەلی كوردستانن.

مسعود بارزانی

4ی نیسانی 2026


AM:11:55:04/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 212 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت