دەستەی كاتی سەرپەرشتی پرۆژەی نەتەوەیی: یەکگوتاری و یەکڕیزی كوردان لەم دۆخەدا پێویستییەکی مێژووییە
وێستگەنیوز-
دەستەی كاتی سەرپەرشتی پرۆژەی نەتەوەیی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و رایدەگەیەنێت، یەکگوتاری و یەکڕیزی كوردان لەم دۆخەدا پێویستییەکی مێژووییە.
ئەمڕۆ سێشەممە 31ی ئاداری 2026، دەستەی كاتی سەرپەرشتی پرۆژەی نەتەوەیی رایگەیاند، "ڕووداوەكانی ناوچەکە پێماندەڵێت، ناوچەکە بە گۆڕانکاری خێرا و كاریگەردا تێدەپەڕێت، ئەگەر هەیە بەشێک لەم گۆڕانكارییانە دەرفەتێکی مێژوویی بۆ کورد بڕەخسێنن، کە لە سەد ساڵی ڕابردوودا چاوەڕێمان کردووە، بەڵام دەبێ بزانین، گۆڕانكارییەكان بەبێ ئامادەباشی و یەکدەنگی كورد خۆی، مەرج نییە ئەو دۆخە بڕەخسێنێت، کە کورد دەیخوازێت، چونکە زامنكردنی مافەكانی هەر نەتەوەیەك پەیوەندی بە ئامادەیی و یەكریزی ئەو نەتەوەیە خۆیەوە دەبێت، بۆیە یەکگوتاری و یەکڕیزی كوردان لەم دۆخەدا چیتر وەک تەنها بژاردەیەکی سیاسی و حزبی نامێنێتەوە، بەڵکو دەبێتە پێویستییەکی مێژوویی، نەتەوەیی وجڤاكی بۆ پێناسەكردنەوە و ئامادەسازی بۆ دۆخێکی نوێ، دۆخێک، هەم دەرفەتی مێژوویی تێدا دەبینرێت، هەم مەترسی".
ئاماژە بەوەکراوە، ئێمە وەك دەستەیەكی فراوان لەتوێژە جیاجیاكانی کوردستانیان، لە ئاستی ناوخۆ و دیاسپۆرا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پڕۆژەیەكی یەکدەنگی نەتەوەییمان ڕاگەیاند. لە ڕاگەیاندنەکەدا ئەم شەش خاڵەمان بە بنەما گرتووە:
1- هەوڵدان بۆ بنیاتنانی گوتارێکی نیشتمانی هاوبەش، گوتارێکی شارستانیانە كە زیاتر بچێتە خزمەتی پرسی نیشتمانی و ڕێزگرتن لە ماف و ئازادی گەلان و بەیەکەوە ژیان.
2- دوورکەوتنەوە لە ململانێی نادروستی سیاسی، کاڵکردنەوەی کێشە نێوخۆییەکان و تێپەڕاندنی بەرژەوەندی بچووک و تەسکی حیزبی، سیاسی و ئایدیۆلۆژی.
3- بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیی و نیشتمانی بکرێتە چەقی کاری سیاسی هاوبەش. هەوڵدان بۆ دوورکەوتنەوە لە هەر گوتارێکی پەڕگیری ئایدیۆلۆژی و توندڕەوی نەتەوەیی، کە خزمەت بە پرسی گەلی کورد نەکات.
4- دروستکردنی ناوەندێکی هاوبەشی نیشتمانی بۆ گفتوگۆ و هەڵسەنگاندنی دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەو دەوڵەتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە، ئاراستەی ململانێ و جەنگ بەرەو کوێ دەڕوات، کورد چی بکات، بەرژەوەندییەکانی گەلی کورد لە کام گۆشەی ململانێکاندا دەبینرێتەوە.
5- پێکهێنانی دەستەیەکی نیشتمانی هاوبەش بۆ کاری سیاسی و دیپلۆماسی، پەیوەندی و گفتوگۆ لەگەڵ ناوەندە بڕیار بەدەستەکانی دنیا و ڕوونکردنەوەی دیدی هاوبەشی کوردی بۆ دۆخی ناوچەکە و مافەکانی کورد.
6- هەوڵدان بۆ دروستکردنی چەترێکی نیشتمانی بۆ کاری هاوبەش، گفتوگۆ و ڕووبەڕووبوونەوەی قەیران و مەترسییە سیاسی، ئابووری، ئەمنی و کۆمەڵایەتییەکان. بەر لەوەی مەترسییەکان بگەنە نێو ماڵەکانمان، پلان و بەرنامەی ئەگەری ڕوودانیان، ڕووبەڕووبوونەوەیان دابنێین.
دەستەکە دەڵێت، "تا ئێستا ژمارەیەک حزب و هێزی سیاسی، ناوەندی ڕۆشنبیری، کولتوری و کەسایەتی، لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستان، پشتیوانی خۆیان بۆ پڕۆژەکە ڕاگەیاندووە. ئەم پشتیوانییە بۆ دۆزی کورد، جێگەی دڵخۆشی و سوپاسگوزاری ئێمەیە، هەر وەک چۆن بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە پرسی ڕەوای گەلی کوردی دەبینین. لێرەوە بە دەرفەتی دەزانین، جارێکی دی داوا لە حزبەکان، ناوەندەکانی ڕۆشنبیری و کولتوری، کەسایەتی و تەواوی نیشتمانپەروەران بکەین، پشتیوانی خۆیان بۆ ئەم پڕۆژە نەتەوەییە پیشانبدەن و هەمووان بەیەکەوە بەرەو قۆناغی داهاتوویەکی باشتر و پڕ ئومێدتر هەنگاوبنێین و، بەیەکەوەش ئامادەسازی بۆ بەستنی کۆنفرانسێک بکەین بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی چۆنێتی پلان و بەرنامەی کار، سەرخستن و دیاریکردنی میکانیزمەکانی خستنە سەرپێی پڕۆژەکە لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە".
PM:06:28:31/03/2026
ئهم بابهته 236
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت