ئۆجەلان: هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ کۆماری تورکیادا نییە
وێستگەنیوز-
عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری
زیندانیکراوی پەکەکە پەیامێکی نوێی بڵاوکردەوە و رایگەیاند هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ کۆماری
تورکیادا نییە و هۆکاری کێشەکان تەنیا بۆ نەبوونی دیموکراسی دەگەڕێتەوە.
سێشەممە، 31ـی ئاداری
2026، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە
رێگەی شاندی ئیمراڵیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)ـیەوە پەیامێکی
نوێی بڵاوکردەوە. شاندەکە پێش سێ رۆژ سەردانی دوورگەی ئیمراڵییان کردبوو.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا
رایگەیاند، هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ کۆماری تورکیادا نییە و هۆکاری کێشەکان تەنیا بۆ
نەبوونی دیموکراسی دەگەڕێتەوە و چارەسەریش بەهێزکردنی کۆمارە لە رێگەی سیستمی دیموکراسییەوە.
هەروەها روونیشی کردەوە،
دوای شەڕی ئێران سێ هێڵ دەرکەوتوون، یەکەمیان هێڵی ئیسرائیلە و دووەمیان هێڵی هەندێک
هێزی نێودەوڵەتی و هەرێمییە بە پێشەنگایەتیی بەریتانیا و ئامانجیان پاراستنی دۆخی
ئێستایە، سێیەمیان هێڵی دیموکراسی و ژیانی هاوبەشە و لە رێگەی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی
دیموکراتیکەوە ئەو هێڵە دەپارێزن.
ئەوەشی خستە روو، پێشهاتەکانی
ئێران جارێکی دیکە نیشانیان دا پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا رەوا و گرنگە، بۆیە چارەسەری
لەسەر هێڵی ئەنادۆڵ و میزۆپۆتامیا بونیاد دەنێن، لەبەرئەوەی پەیوەندیی نێوان ئەم
دوو ناوچەیە رەگ و ریشەی مێژوویی قووڵی هەیە.
لە کۆتاییدا جەختی لەوە
کردەوە، وەک لە بانگەوازی 27ـی شوباتدا دیاری کردووە، سەردەمی خەباتی چەکداری بەتەواوی
کۆتایی هاتووە.
AM:10:57:31/03/2026
ئهم بابهته 280
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت