ئەمریکا پێشوازی لە بڕیارەکەی هەرێم بۆ هەناردە کردنەوەی نەوت دەکات
وێستگەنیوز-
لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی سەرۆکی حکومەتی هەرێم و وەزیری وزەی
ئەمریکا، بڕیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ رێگەدان بە هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی
بۆریی هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا، بە ئەرێنی هەڵسەنگێنرا.
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 30ـی ئاداری 2026، مەسرور بارزانی سەرۆکی
حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ کریس رایت، وەزیری وزەی
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، گفتوگۆیان لەبارەی دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی
هەرێمی کوردستان و عێراق و بە تایبەتی دۆخی وزە کرد.
بە پێی راگەیەنراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە گفتوگۆ
تەلەفۆنییەکەدا بڕیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ رێگەدان بە هەناردەکردنی نەوت لە
رێگەی بۆریی هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا، بە ئەرێنی هەڵسەنگێنرا،
کە وەک ئاسانکارییەکە بۆ کەمکردنەوەی گوشار و ئاڵنگارییە ئابوورییەکان لەسەر عێراق
و بازاڕی جیهانیی وزە.
سەرۆکی حکومەت جەختی لە پێویستیی بەردەوامبوونی هاوئاهەنگی
و پاڵپشتی کردەوە بۆ پاراستنی ژێرخانی وزە و ئابووری لە هەرێمی کوردستان.
هەروەها مەسرور بارزانی داوای "هەڵگرتنی گەمارۆی
بازرگانی و وەستاندنی هێرشە تیرۆریستییەکان کە دەکرێنە سەر کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێمی
کوردستان" کرد، بۆ ئەوەی بەرهەمهێنان زیاتر بکرێت و هەناردە بکرێت، هاوکات جەختی
لە پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە کردەوە.
PM:09:08:30/03/2026
ئهم بابهته 220
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت