سەبارەت بە کۆکردنەوەی ئیمزا بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار راگەیەنراوێکی بەپەلە بڵاودەکرێتەوە


وێستگەنیوز-

لە "راگەیەنراوێکی بەپەلە"دا هاتووە "سەرهەڵدانی دیاردەی کۆکردنەوەی ئیمزای پەرتەوازە لە ناو پەرلەمانی عێراق لەلایەن بەشێک لە نوێنەرانی کورد ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ لاوازبوونی پێگەی دەستووریی هەرێمی کوردستان".

راگەیەنراوەکە کە لەلایەن شوان داودی، کاندیدی سەربەخۆ بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق بڵاوکراوەتەوە ئاماژە بەوەدەکات "ئیمزا کۆکردنەوە" ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق "شکاندنی شکۆی بڕیاری کوردی و لەدەستدانی مافی ڤیتۆ"ی لێدەکەوێتەوە.

دەقی راگەیەنراوەکە:


ڕاگەیەندراوێکی بەپەلە:

مەترسییەکانی "کۆکردنەوەی ئیمزا" بۆ تێپەڕاندنی پۆستی سەرۆک کۆمار لە پەرلەمانی عێراق و لێکەوتە نیشتمانییەکانی

لە کاتێکدا پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق لە دۆخێکی هەستیاردا گەیشتووەتە قۆناغێکی هەستیار ، سەرهەڵدانی دیاردەی "کۆکردنەوەی ئیمزای پەرتەوازە" لە ناو پەرلەمانی عێراق لەلایەن بەشێک لە نوێنەرانی کورد و ڕەتکردنەوەی لەلایەن بەشێکی ترەوە، ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ تێکچوونی تەواوەتیی یەکڕیزیی نەتەوەیی و لاوازبوونی پێگەی دەستووریی هەرێمی کوردستان.

خاڵە هەرە مەترسیدارەکانی ئەم هەنگاوە:

* شکاندنی شکۆی بڕیاری کوردی: دابەشبوونی نوێنەرانی کورد بەسەر بەرەی "ئیمزاکەر" و "ئیمزا نەکەر"دا، واتا گواستنەوەی کێشە نێوخۆیییەکانی کوردستان بۆ ناو جەرگەی بڕیاردانی بەغدا ، ئەمە دەرفەت دەداتە لایەنە عێراقییەکان کە ئیرادەی خۆیان بەسەر کاندیدی کورددا بسەپێنن.

* لەدەستدانی "مافی ڤیتۆ": کاتێک کورد بە یەکدەنگی ناچێتە ناو پەرلەمان، مافی ئەوەی نامێنێت وەک شەریكی سەرەکی مامەڵە بکات؛ بەڵکو دەبێتە پاشکۆی ئەجێندای کوتلە گەورەکانی ناو پەرلەمان کە دواجار دژی بەرژەوەندییەکانی گەلی کوردستان دەشکێتەوە.

بانگەوازێکی نیشتمانی:

داوا لە سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و فراکسیۆنە کوردییەکان دەکەم:

* دەستبەجێ پرۆسەی کۆکردنەوەی ئیمزا و جەمسەرگیرییەکان ڕابگرن.

* پۆستی سەرۆک کۆمار وەک ئیستحقاقێکی نەتەوەیی ببینن نەک وەک غەنیمەتێکی حیزبی.

* بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ لە ناوخۆی هەرێم بۆ دیاریکردنی کاندیدێکی نیشتمانی کە نوێنەرایەتیی هەمووان بکات.

پەرتەوازەیی کورد لە بەغدا، تەنیا زیان بە لایەنێکی دیاریکراو ناگەیەنێت، بەڵکو دەبێتە هۆی لاوازکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و نەوەکانی داهاتوو باجەکەی دەدەن. مێژوو بەزەیی بەوانەدا نایەتەوە کە بەرژەوەندییە کاتییەکانیان دەخەنە پێش کەرامەتی سیاسیی نەتەوەکەیان.

شوان داودی

کاندیدی سەربەخۆ

بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق

2026/3/27


AM:09:21:28/03/2026


ئه‌م بابه‌ته 744 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت