حزبی شیوعی کوردستان: پاڵپشتیی تەواو لە بانگەشەی یەکڕیزیی کوردستان دەکەین
وێستگەنیوز-
حزبی شیوعی کوردستان رایدەگەیەنێت، پاڵپشتیی تەواو لە بانگەشەی یەکڕیزیی کوردستان دەکەین، ئاماژە بەوەدەکات، پشتگیری لە بانگەوازی (پڕۆژەی کۆدەنگیی نیشتمانی بۆ هەژاندنی ناوەندەکانی بڕیار لە جیهاندا) دەکەین.
ئەمڕۆ چوارشەممە 25ی ئاداری 2026، مەکتەبی سیاسیی حزبی شیوعیی کوردستان رایگەیاند، "لە سۆنگەی باوەڕبوونمان بە چارەنووس و تێکۆشانی هاوبەش، پشتگیری لە بانگەوازی (پڕۆژەی کۆدەنگیی نیشتمانی بۆ هەژاندنی ناوەندەکانی بڕیار لە جیهاندا) دەکەین".
ئاماژە بەوەکراوە، "حزبی شیوعیی کوردستان بەردەوام جەختی لە یەکڕیزی و گوتاری یەکگرتووی کوردستانی کردووەتەوە و پێی وایە یەکڕیزی، بنەمای سەرەکیی سەرکەوتن، پاراستنی ماف و ئازادییەکانمان و تەواوکردنی قۆناغی ڕزگاریی نیشتمانییە؛ ئەمەش کۆمەڵێک ئەرکی هەمەلایەنەی هاوبەش دەخاتە ئەستۆی هەمووان".
وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "حزبی شیوعیی کوردستان هەمیشە دووپاتی کردووەتەوە کە هەر دووبەرەکی و ناکۆکییەک، یان بڵاوکردنەوەی گوتاری ڕق و کینە، زیان بە یەکگرتوویی دەگەیەنێت، بۆیە پێویستە بەلاوە بنرێن و ڕێز لە جیاوازییەکان بگیرێت؛ چونکە یەکڕیزی بە مانای ڕەتکردنەوەی جیاوازییەکان نایەت، بەڵکوو هێز دەداتە بەرنامەی کاری هاوبەشمان لەپێناو ئامانجی گەورەی گەلی کوردستاندا".
حزبی شیوعی دەڵێت، "جگە لەوەی پاڵپشتیی تەواو لە بانگەشەی یەکڕیزیی کوردستان دەکەین بەو میکانیزمەی کۆدەنگیی لەسەر بێت، لە هەمان کاتدا داواکارین هەر هاووڵاتییەکی کوردستانی و هەر مرۆڤێک کە باوەڕی بە ئازادیی گەلان هەیە لە هەر شوێنێک بێت، پاڵپشتیی خۆی بۆ پڕۆژەی یەکڕیزیی کوردستان ڕابگەیەنێت، کە لەلایەن زیاتر لە دووسەد کەسایەتیی سیاسی و ڕۆشنبیری کوردستانییەوە خراوەتە ڕوو".
دەشڵێت، "وێڕای پشتگیریکردن لە پەیامی سیاسەتمەدار و ڕۆشنبیرانی چوار پارچەی کوردستان، بە پێویستی دەزانین لەپێناو کوردستانێکی ئازاد، گەلێکی بەختیار و چەسپاندنی ئاشتی و ئاسایشی گەلاندا، گەلی کوردستان بتوانێت ڕۆڵی کارای خۆی لەم گۆڕانکارییانەدا ببینێت".
PM:03:59:25/03/2026
ئهم بابهته 208
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت