حکومەتی عێراق لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سکاڵا تۆماردەکات


وێستگەنیوز-

حکومەتی عێراق لە دژی هێرشەکانی سەر حەشدی شەعبی و سوپا، رێکاری یاسایی و دیپلۆماسی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دەگرێتەبەر و سکاڵا تۆماردەکات.


ئەمڕۆ چوارشەممە 25ی ئاداری 2026، سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان رایگەیاند، "سەرەڕای هەوڵە سیاسی و دیپلۆماسییەکانی عێراق بۆ دوورخستنەوەی وڵات لە ململانێ هەرێمییەکان، بەیانی ئەمڕۆ هێرشێکی ناڕەوا کرایە سەر مەڵبەندی تەندروستی سەربازی حەبانییە".

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەم هێرشە بووەتە هۆی کوژران و برینداربوونی ژمارەیەک لە کارمەندانی سوپای عێراق".

سەباح نوعمان وتی، "حکومەت و هێزە چەکدارەکان مافی وەڵامدانەوەیان بە هەموو ئامرازە بەردەستەکان بەگوێرەی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان هەیە".

وتی، "ئەم کارە تاوانێکی تەواوە و پێشێلکارییەکی روونی یاسا نێودەوڵەتییەکانە، هەروەها زیان بە پەیوەندی نێوان گەلی عێراق و ئەمریکا دەگەیەنێت".

وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان ئەوەشی خستە روو، "محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، وەزارەتی دەرەوەی راسپاردووە بۆ بانگهێشتکردنی کارداری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق، ئامانجی ئەم بانگهێشتکردنە رادەستکردنی یاداشتێکی ناڕەزایەتی فەرمی و توندە بەرانبەر پێشێلکردنی سەروەریی عێراق".

ئەوەشی ئاشکراکرد، "سکاڵایەکی فەرمی بە بەڵگە و وردەکارییەوە پێشکەشی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکرێت بۆ چەسپاندنی مافەکانی گەلی عێراق بەرامبەر ئەم دەستدرێژییانە".

بە گوێرەی راگەیەنراوێکی وەزارەتی بەرگریی عێراق، بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە 25ی ئاداری 2026، هێرشێکی ئاسمانی کراوەتە سەر بنکەی تەندروستیی سەربازیی حەبانییە و هۆبەی کارەکانی حەبانییە، بەهۆیەوە حەوت سەرباز گیانیان لەدەستداوە و 13 سەربازی دیکەش برینداربوون.


PM:03:37:25/03/2026


ئه‌م بابه‌ته 72 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت