نێچیرڤان بارزانی: بەرپرسانی ئێران دانیان بەوەدا ناوە بە هەڵە هێرشیان کردووەتە سەر پێشمەرگە
وێستگەنیوز-
سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەرپرسانی ئێران دانیان بەوەدا ناوە، بە هەڵە هێرشیان کردووەتە سەر پێشمەرگە، ئاماژەی بەوەدا، ئێران لێکۆڵینەوە لەو هێرشەدەکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە 25ی ئاداری 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە سۆران لەمیانەی بەشداریکردنی لە پرسەی ئەو شەش پێشمەرگەیەی کە لە هێرشێکی مووشەکی بالیستیی ئێراندا شەهیدبوون بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، "دوای هێڕشەکە پەیوەندیمان بە بەرپرسانی ئێرانەوە کرد و دانیان بەوەدانا کە بە هەڵە هێرشەکەیان کردووە و لێکۆڵینەوە دەکەن و چاوەڕوانی وەڵامی ئێران دەکەین".
ئاماژەی بەوەکرد، "هەرێمی كوردستان هەمیشە فاکتەری ئارامی و سەقامگیرییە لە ناوچەكە و هیچ كاتێکیش نابینە هەڕەشە بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ، هەروەها بە هیچ شێوەیەک نابینە بەشێک لەم جەنگە".
نێچیرڤان بارزانی پەیامێکی ئاراستەی بەغدا کرد و داوای لە حکومەتی فیدراڵی کرد بەرپرسیارێتییەکانی خۆی جێبەجێ بکات، لەو بارەیەوە رایگەیاند، "پێویستە حكومەتی عێراق وەک وڵاتێكی خاوەن سەروەریی هەڵسوكەوت بكات".
نێچیرڤان بارزانی هۆشداریدا و وتی، "دەبێت بەپەلە هێرشی گروپە لە یاسادەرچووەكان رابگیرێن، بۆ ئەوەی سەقامگیری عێراق و هەرێمی کوردستان پارێزراو بێت".
وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "بەرەبەیانیی رۆژی دووشەممە 24ی ئاداری 2026، لە دوو هێرشی جیاوازدا بارەگایەکی فیرقەی 7ی پیادەی دەڤەری 1 و هێزێکی فرقەی 5ی پیادەی هێزی پێشمەرگە لە سنووری سۆران، لە کردەوەیەکی دوژمنکارانە و بە غەدر و خیانەت و دوور لە هەموو ئاکارێکی مروڤایەتی و دراوسێیەتی، بەر هێرشی شەش موشەکی بالیستی ئێرانی کەوتن و لە ئەنجامدا شەش پێشمەرگەی قارەمان شەهید و 30 پێشمەرگەی دیکەش برینداربوون".
PM:01:11:25/03/2026
ئهم بابهته 216
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت