وەزارەتی پێشمەرگە: لێدوان و پێدانی زانیاری بە راگەیاندنەکان لەلایەن فەرماندەو ئەفسەران و پێشمەرگەوە بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە
وێستگەنیوز-
وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ژمارەیەک رێنمایی بۆ ئەفسەران و هێزەکانی پێشمەرگە دەردەکات و دەڵێت، "لێدوان و پێدانی زانیاری بە راگەیاندنەکان لەلایەن فەرماندەو ئەفسەران و پێشمەرگەوە بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە".
رێنماییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی راگەیاندن و هۆشیاری نیشتمانیی
وەزارەتی پێشمەرگە:
1- جەخت دەکەینەوە، کە بە هیچ شێوەیەک رێگەپێدراو نیە راگەیاندنەکان بێنە ناو بارەگاو شوێنە سەربازییەكانتان، بۆ ئەم مەبەستە داوا لە كەناڵ و میدیاكان دەكەین خۆیان بە دوور بگرن لە گرتنی وێنەو ڤیدیۆی بارەگا سەربازییەكان.
2- لێدوان و پێدانی زانیاری بە ڕاگەیاندنەکان لە لایەن فەرماندەو ئەفسەران و پێشمەرگەوە بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە.
3- بە هەموو شێوەیەک بڵاوکردنەوەی وێنە، ڤیدیۆ و زانیاری تایبەت بە سەنگەر و بارەگاکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و پۆستکردنیان قەدەغەیە.
4- بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی زانیاری، تکایە هەر پەیج و ئەکاونتێک دەبینن کە بە ناوی پێشمەرگەوە زانیاریی سەربازی بڵاو دەکاتەوە، لینکی پەیجەکەمان بۆ بنێرن تاوەکو لە ڕێگەی لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە ڕێکاری یاساییان بەرامبەر بگیرێتە بەر.
5- هەر ئەفسەر و پێشمەرگەیەک پێشێلی ڕێنماییەکان بکات، ڕووبەڕووی توندترین سزای سەربازی و کارگێڕی دەبێتەوە و لەمبارەیەوە چاودێری وردی سۆشیال میدیا دەکرێت.
6- پێویستە ئەفسەرانی راگەیاندن و هۆشیاری لە یەكە سەربازییەكان، ئۆپەراسیۆنەکان، هەواڵگری، چاودێری وردی تەواوی جموجوڵەکانی پێشمەرگە و ئەفسەران بکەن و هەروەها ئەو ڕێنماییانە پەخش بکەن.
7- ئێمەش لە بەرێوەبەڕایەتی گشتی راگەیاندن و هۆشیاری نیشتێمانی چاودێری وردی سۆشیال میدیا دەكەین بۆ هەر سەرپێچییەك لەم خاڵانە و وەرگرتنی رێكاری سەربازی و یاسایی بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرووی خۆمان.
PM:07:00:24/03/2026
ئهم بابهته 244
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت