بافڵ تاڵەبانی: بە ئامانجگرتنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان پێشێلکردنی سەروەری خاکی عێراق و هەرێمی کوردستانە
وێستگەنیوز-
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی هێرشەکەی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ بۆ سەر پێشمەرگە پەیامێکی بڵاوکردەوە.
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، "بە توندی ناڕەزایەتی خۆمان دەردەبڕین بە شەهیدبوون و برینداربوونی ژمارەیەک پێشمەرگەی قارەمان، پرسە و سەرەخۆشی قووڵی خۆمان لە کەسوکار و بنەماڵە و هاوسەنگەرانی شەهیدەکان دەکەین، هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازین".
ئاماژەی بەوەکرد، "بە ئامانجگرتنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان پێشێلکردنی سەروەری خاکی عێراق و هەرێمی کوردستانە و سەرکۆنەی دەکەین. داوا لە حکومەتی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین هەوڵەکانیان بخەنەگەڕ بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی هەر جۆرە هێرشێکی هاوشێوە".
بافڵ تاڵەبانی دەڵێت، "دووپاتی دەکەینەوە هیچ کاتێک هەرێمی کوردستان بەشێک نەبووە لەم جەنگە، بەڵکو هەوڵە دیپلۆماسییەکانمان خستووەتەگەڕ تاوەکو بەشێکبین لە دۆزینەوەی چارەسەری ئاشتییانە لە رێگەی گفتوگۆوە تاوەکو سەقامگیریی بۆ ناوچەکە بگەڕێتەوە".
وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە 24ی ئاداری 2026، لە دوو هێرشی جیاوازدا بارەگایەکی فیرقەی 7ی پیادەی دەڤەری 1 و هێزێکی فرقەی 5ی پیادەی هێزی پێشمەرگە لە سنووری سۆران، لە کردەوەیەکی دوژمنکارانە و بە غەدر و خیانەت و دوور لە هەموو ئاکارێکی مروڤایەتی و دراوسێیەتی، بەر هێرشی شەش موشەکی بالیستی ئێرانی کەوتن و لە ئەنجامدا شەش پێشمەرگەی قارەمان شەهید و 30 پێشمەرگەی دیکەش برینداربوون".
PM:06:48:24/03/2026
ئهم بابهته 60
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت