هۆشدارییەک لە کەشناسیی هەرێمەوە بۆ هاوڵاتییان


وێستگەنیوز-

بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان هۆشداری دەدات و دەڵێت، "کاریگەری شەپۆڵێکی بارانبارینی بەهێز بۆ سەرناوچەکەمان دەبێت لە رۆژانی 25 بۆ 27ی ئاداری 2026".


ئەمڕۆ سێشەممە 24ی ئاداری 2026، کەشناسیی هەرێمی کوردستان راگەیاند، "بەپێی دوایین نەخشەکانی کەشوهەوا و لە ئەنجامی یەکگرتنی نزمە پەستانی دەریای ناوەراست لەگەڵ بارستە هەوایەکی ساردی چینەکانی سەرەوەی هەوا ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی ناجێگیری کەشوهەوا لە ناوچەکەماندا کە ماوەی چەند رۆژێک دەخایەنێت".

ئاماژەی بەوەکراوە، "هەرێمی کوردستان کەوتووەتە ژێر کاریگەری شەپۆلێکی بارانبارین بەشێوەی نمە باران و بارانی مام ناوەند و هەندێ کات لێزمە باران و هەورە بروسکە و تەزرەشی لەگەڵ دەبێت بۆ ماوەیەکی کورتخایەن، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە هەندێک کاتدا و ئاستەنگ بۆ هاتووچۆ دروست دەبێت، خێرای با هەندێک کات بۆ سەرووی 50 کم/ک دەبێت، لەگەڵ بارینی بەفر لە سەرجەم ناوچە شاخاوییە سنورییەکانی هەرێم، پلەکانی گەرما نزمدەبنەوە بە (4- 6) پلەی سیلیزی بەراود بە پلەکانی گەرمی ئەمڕۆ".

کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "دوورکەوتنەوە لە سەرچاوەی رووبارەکان و چەم و دۆڵەکان لەبەر مەترسی لافاوی لەناکاو، بەهۆی بوونی هەورە تریقشەی بەهێز دوورکەوتنەوە لە ناوچە شاخاوییەکان و دەشتە کراوەکان و شوێنە بەرزەکان، هۆشداریمان سەبارەت بە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە شەقامەکان بەهۆی لێزمە بارانی بەهێز، باشترە نەچن بۆ گەشت و سەیران، زیادبوونی خێرای با بۆ سەرووی 50 کم لە کاتژمێرێکدا ئەمەش مەترسی دروست دەکات لەسەر ژیانی هاوڵاتییان".

دەشڵێت، "زۆرترین بڕی دابارین پێشبینی دەکرێت بە پلەیەک لە (ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، پارێزگای هەڵەبجە، پارێزگای کەرکوک، پارێزگای سلێمانی و چەمچەماڵ بەشێک لە ناوچە دەشتایەکانی پارێزگای هەولێر)".


PM:06:17:24/03/2026


ئه‌م بابه‌ته 2264 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت