مەکتەبی سیاسی پارتی: لەسەرەتای شەڕەوە چەندین هێرشی دوژمنکارانە کراوەتە سەر هەرێمەکەمان


وێستگەنیوز-

مەکتەبی سیاسیی پارتی، بە توندی سەرکۆنەکردنی ئەو هێرشە ناڕەوایەی کە کرایە سەر هێزی پێشمەرگە، و دەڵێت، "هەر لەسەرەتای هەڵگیرسانی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە چەندین هێرشی ناڕەوا و دوژمنکارانە کراونەتە سەر هەرێمەکەمان".

سێشەممە، 24ـی ئاداری 2026، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، راگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە تێیدا هاتووە، زۆر بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە ناڕەوا و بێ پاساوە دەکەین، کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ کرایە سەر هێزی پێشمەرگە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، کە بە داخەوە بووە بەهۆی شەهید و برینداربوونی ژمارەیەک پێشمەرگەی دڵسۆز، هاوخەمی خۆمان بۆ بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان دەردەبڕین و هیوای زووچاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین.

مەکتەبی سیاسیی پارتی، جەختی لەوە کردەوە، هەرێمی کوردستان هیچ کات نەبووەتە بەشێک لە ململانێ و گرژییەکان، هاوکات هانی هەموو لایەنەکانی داوە بۆ گرتنەبەری رێگەی دیالۆگ، بەردەوامیش جەختی لەسەر سیاسەتی ئاشتیخوازانەی کوردستان کردووەتەوە.

لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، بە داخەوە هەر لەسەرەتای هەڵگیرسانی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە چەندین هێرشی ناڕەوا و دوژمنکارانە کراونەتە سەر هەرێمەکەمان کە دواترینیان هێرشی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بوو بە مووشەکی ئێرانی، بە نیگەرانییەکی قووڵەوە لەو پەرەسەندنانە دەڕوانین.

مەکتەبی سیاسیی پارتی، دەڵێت: چاوەڕوانیمان لە حکوومەتی فیدراڵ و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان هەیە کە هەچی زووە سنوورێک بۆ ئەو دەستدرێژییانەی دەکرێنە سەر خاکی هەرێمی کوردستان دابنێن و بە ئەرکی دەستووری خۆیان هەڵسن بۆ پاراستنی هاووڵاتییان.

لە کۆتایی راگەیەنراوەکە، مەکتەبی سیاسیی پارتی، داوا لە سەرجەم هێز و لایەنە کوردستانییەکان دەکات، "کە بە یەکگوتاری و هاوهەڵوێستی دژی ئەو پەرەسەندنانە بوەستینەوە و پەیام و هەڵوێستی نیشتمانیانەمان بەرانبەر ئەو پێشێلکاری و ستمە نیشان بدەین کە دەرهەق بە هاووڵاتییان و هەرێمەکەمان دەکرێن."


PM:05:51:24/03/2026


ئه‌م بابه‌ته 208 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت