بارزانی: زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو پەلامارە دەكەم کە كرایە سەر هێزی پێشمەرگە


وێستگەنیوز-

مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەیامێکدا بە بۆنەی هێرشە موشەکییەکەی ئێران بۆ سەر هێزی پێشمەرگە رایگەیاند "زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو پەلامارە دەكەم کە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ بە موشەکی ئێرانی كرایە سەر بارەگاكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان".

بارزانی لەپەیامەکەدا دەنوسێت "ئەو پەلامارە دوژمنكارانەیە و، هیچ پاساوێك هەڵناگرێت. ئەوە بۆ جاری چەندەمە ئەم جۆرە هێرشانە بە بێ گوێدانە بنەماكانی دراوسێتی و یاسای نێودەوڵەتی بەرانبەر هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێت".

دەقی پەیامەکە:

بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان

زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو پەلامارە دەكەم کە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ بە موشەکی ئێرانی كرایە سەر بارەگاكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان. بە داخێكی زۆرەوە لە ئەنجامدا ژمارەیەك پێشمەرگەی قارەمان شەهید و ژمارەیەكی تریش بریندار بوون. پرسە و سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی خانەوادەی شەهیدانی ئەو پەلامارە ناڕەوایە دەكەم و خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم و هیوای چاكبوونەوەی خێرا بۆ برینداران دەخوازم.

ئەو پەلامارە دوژمنكارانەیە و، هیچ پاساوێك هەڵناگرێت. ئەوە بۆ جاری چەندەمە ئەم جۆرە هێرشانە بە بێ گوێدانە بنەماكانی دراوسێتی و یاسای نێودەوڵەتی بەرانبەر هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێت. ئەوە لە حاڵێكدایە كە هەرێمی كوردستان بەشێک نەبووە لەم شەڕەی ئێستا لە ناوچەکەدا هەیە و هیچكات هەڕەشە نەبووە بۆ سەر دراوسێکان.
پێشمەرگە ئازیزترین و بەنرخترین سەرمایەی گەلەکەمانە


مسعود بارزانی

24ی ئاداری 2026



PM:04:09:24/03/2026


ئه‌م بابه‌ته 288 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت