فەرماندەیی دەڤەری 1ی پێشمەرگە: بە شەش مووشەک هێرشکرایە سەر پێشمەرگە و زیانی گیانی نەبووە


وێستگەنیوز-

فەرماندەیی دەڤەری 1ی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، "بارەگاکانی فیرقەی 7 لە دوو کاتی جیاوازی بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 24ی ئاداری 2026، بە مووشەک کرانە ئامانج کە بەمشێوەیە بووە:


- لە کاتژمێر 01:50 خولەک بارەگای فیرقە بە پێنج مووشەک بۆردوومان کرا، "خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتەوە."

- لە کاتژمێر 02:50 خولەک، جارێکی دیکە لە نزیک بارەگای فیرقە و بە دیاریکراوی لە سنووری گوندی کەلەکین، هێرشێکی دیکە بە یەک مووشەک ئەنجامدرا.

فەرماندەیی دەڤەری یەک ئاماژەی بەوەکرد، "دووپاتی دەکەینەوە کە هێزەکانمان لە ئامادەیی تەواودان و لێکۆڵینەوە لە سەرچاوەی هێرشەکان بەردەوامە".

لە دەستپێکی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە دژ بە ئێران هەرێمی کوردستان بە زیاتر لە 400 درۆن و مووشەک بۆردوومان کراوە، لەو ژمارەیە بەشیکیان دژی هێزەکانی پێشمەرگە بوون.

جگە لەو هێرشەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ کراون، پێشتر بەهۆی هێرشەکانەوە هەشت کەس لە هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستدابوو، یەکێکیان ئەندامێکی ئاسایشی فڕۆکەخانەی نێودەڵەتی هەولێر بوو، شەشیان پێشمەرگەی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئەوی دیکەش سەربازێکی فەرەنسی بوو لە هەولێر.


AM:09:27:24/03/2026


ئه‌م بابه‌ته 256 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت