هاکان فیدان پەیامێک بۆ نێچیرڤان بارزانی دەنێرێت


وێستگەنیوز-

ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه‌ 22ی ئاداری 2026، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، بە بۆنەی جەژنی نەورۆزه‌وه‌، په‌يامێكى پيرۆزبايى له‌ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیاوه‌ پێگه‌يشت.

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لە پەیامەکەدا تيايدا وێڕای دەربڕینی گەرمترین پیرۆزبایی، نەورۆزی وەک سیمبولی خێر و ئومێد و ڕەگەزێکی سەرەکیی کولتووری هاوبەش لە ناوچەکەدا وەسفکردووە، هه‌روه‌ها هیوای خواستووە کە نەورۆز ببێتە مایەی بەهێزکردنی دۆستایەتی و تەبایی و پاراستنی بەها هاوبەشەکان.

له‌ به‌شێكى ديكه‌ى په‌يامه‌كه‌يدا، وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى توركيا ئاماژەی بە دۆخی ئێستای ناوچەکە کردووە کە ڕووبەڕووی زیادبوونی ئاڵنگارییەکان بووەتەوە و هیوای خواستووە ئەم جەژنە ئاشتی و ئارامی بۆ تەواوی مرۆڤایەتی بەدی بهێنێت.

لە کۆتاییی پەیامەکەیدا، وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى توركيا سڵاوی دڵسۆزانەی ئاراستەی نێچيرڤان بارزانى و خه‌ڵكى هەرێمی کوردستان کردووە و هیوای ساڵێکی پڕ لە ئاشتی و خۆشگوزەرانیی بۆ خواستوون.


PM:08:48:22/03/2026


ئه‌م بابه‌ته 136 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت