وێستگەنیوز-
ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان رایدەگەیەنێت، هەرێم رۆژانە 3.57 ملیۆن لیتر بەنزینی دەستدەكەوێت، ئاماژە بەوەشدەکات، شکۆی هەرێم لەوەدایە لە ناوخۆدا وەڵامدەری خەڵک بێت، نەک لە بەغداوە سەرزەنشت بکرێت.
جوانڕۆ محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان رایگەیاند، "بۆچی هاوڵاتییانی هەرێم بەنزین بە 975دینار دەکڕن، لە کاتێکدا تێچووی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی زۆر لەوە کەمترە؟".
ئاماژەی بەوەکرد، بەپێی رێککەوتنی سێ قۆڵی، رۆژانە 50 هەزار بەرمیل نەوتی خاو بۆ پێداویستی ناوخۆ تەرخان دەکرێت کە دەتوانێت ڕۆژانە 3.57 ملیۆن لیتر بەنزین دابین بکات، بەڵام ئەوەی دەبینرێت:
- لە ناوچەکانی تری عێراق لیتری بەنزین بە 450 دینارە.
- لە هەرێمی کوردستان هاوڵاتی ناچارە پەنا بۆ بەنزینی بازرگانی گرانبەها ببات.
جوانڕۆ محەمەد وتی، "هۆشدارییەکەی سەرۆکی لیژنەی دارایی (یان پەرلەمانی عێراق) سەبارەت بە بڕینی ئەم پشکە، زەنگێکی مەترسیدارە".
وتیشی، "کاتێک دامەزراوە چاودێرییەکانی ناوخۆ پەکدەخرێن و وەڵامی پرسیارەکان نادرێتەوە، دەرەنجامەکەی دەبێتە سوکایەتی بە قەوارەی هەرێم لە بەغداوە و بڕینی ئەو بەشەش دەكرێتە یەكێك لە كارتەكانی فشار لە ئاییندەدا".
دەشڵێت، "پێویستە حکومەتی هەرێم شەفافییەت لە داهاتی ئەم 50 هەزار بەرمیلە و پرۆسەی پاڵاوتنەکەیدا بخاتە روو، شکۆی هەرێم لەوەدایە لە ناوخۆدا وەڵامدەری خەڵک بین، نەک لە بەغداوە سەرزەنشت بکرێین".
PM:04:51:22/03/2026
ئهم بابهته 340
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت