سەرۆکی هەرێم: ئەمڕۆ ئاگری نەورۆز بۆ ئێمە بانگەوازێکی بەردەوامە بۆ كۆڵنه‌دان
وێستگەنیوز-
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیروان بارزانی بە بۆنەی هاتنی نەورۆز پەیامێک بڵاودەکاتەوە و دەنوسێت "بە گەرمی و لە ناخی دڵەوە، جەژنی نەورۆزی نەتەوەیی و سەری ساڵی نوێی کوردی لە ئێوە و لە خێزانی سەربەرزی شەهیدان، پێشمەرگە قارەمانەکان و تەواوی هێزە ئەمنییەکان پیرۆز دەکەم. هیوادارم ئەم جەژنە ببێتە مایەی ئارامی، ئاسوودەیی و کامەرانی بۆ هەمووان".
لە پەیامەکەدا هاتووە "ئەمساڵ لە کاتێکدا پێشوازی لە بەهار و نەورۆز دەکەین، ناوچەکەمان بە دۆخێکی هەستیار و ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت. مەترسییەکانی شەڕ و لێكه‌وته‌كانی لە هەموو لایەکەوە ده‌رده‌كه‌ون. بۆیە ئەرکی هەموومانە بە بەرپرسیاریه‌تیی مێژوویییەوە کار بکەین تاکوو هەرێمی کوردستان و عێراق لەم ئاڵۆزییانە بەدوور بگرین. ئاشتی و ئاشتیخوازی؛ گەورەترین هێزی ئێمەن و تەنیا لە سایەی سەقامگیریدا دەتوانین داهاتوویه‌كی باشتر بنیات بنێین".
دەقی پەیامی سەرۆکی هەرێم بە بۆنەی جەژنی نەورۆز:
گەلی کورد و كوردستانییانی ئازیز لە هەر کوێی جیهان بن،
بە گەرمی و لە ناخی دڵەوە، جەژنی نەورۆزی نەتەوەیی و سەری ساڵی نوێی کوردی لە ئێوە و لە خێزانی سەربەرزی شەهیدان، پێشمەرگە قارەمانەکان و تەواوی هێزە ئەمنییەکان پیرۆز دەکەم. هیوادارم ئەم جەژنە ببێتە مایەی ئارامی، ئاسوودەیی و کامەرانی بۆ هەمووان.
نەورۆز گوزارشتێکی قووڵە لە مێژوویەکی پڕ لە تێکۆشان و داستانەکانی خۆڕاگریی نەتەوەیەک کە هه‌میشه به ئیراده‌یه‌كی به‌هێزه‌وه به‌ره‌نگاری ستەم بووه‌ته‌وه و هه‌رگیز ڕاده‌ست نه‌بووه. نەورۆز هێمای تێکشکانی تاریکی و نوێبوونەوەی ژیانە، ئەو ڕاستییەی مێژووە کە دەیسەلمێنێت هیچ هێز و چەکێک ناتوانێت گڕی ئازادیخوازی لە ناخی کورددا بکوژێنێتەوە.
ئەمڕۆش ئاگری نەورۆز بۆ ئێمە بانگەوازێکی بەردەوامە بۆ كۆڵنه‌دان، بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئاڵنگارییه‌كان، بۆ ته‌بایی و پێكه‌وه‌یی. گوڕ و تینی به‌هێزمانه بۆ ئه‌وه‌ی بە ئیرادەیه‌كی نەورۆزییانە، دەستکەوتە دەستوورییەکانمان بپارێزین و فیدراڵی و قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان وەک بەرهەمی خوێنی شەهیدان و خەباتی ساڵه‌هامان، پته‌و و به‌هێز بهێڵینەوە.
ئەمساڵ لە کاتێکدا پێشوازی لە بەهار و نەورۆز دەکەین، ناوچەکەمان بە دۆخێکی هەستیار و ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت. مەترسییەکانی شەڕ و لێكه‌وته‌كانی لە هەموو لایەکەوە ده‌رده‌كه‌ون. بۆیە ئەرکی هەموومانە بە بەرپرسیاریه‌تیی مێژوویییەوە کار بکەین تاکوو هەرێمی کوردستان و عێراق لەم ئاڵۆزییانە بەدوور بگرین. ئاشتی و ئاشتیخوازی؛ گەورەترین هێزی ئێمەن و تەنیا لە سایەی سەقامگیریدا دەتوانین داهاتوویه‌كی باشتر بنیات بنێین.
لە پەیوەندیمان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵیی عێراقدا، وێڕای دەستخۆشی له هه‌ر هه‌نگاوێكی ئه‌رێنی، دووپاتی دەکەینەوە کە له‌م دۆخه‌دا هاریكاری و هه‌ماهه‌نگیی زیاتری هه‌ولێر ـ به‌غدا و جێبەجێکردنی ڕاستەقینەی دەستوور و سیستەمی فیدراڵی و پاراستنی مافی هەموو پێکهاتەکان، تاقە گەرەنتییە بۆ عێراقێکی بەهێز و سەقامگیر. ئێمە لە هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە فاکتەری ئارامی و سه‌قامگیری دەمێنینەوە و دەستی لێكگه‌یشتن و دۆستایەتی بۆ هەمووان درێژ دەکەین.
هاووڵاتییانی خۆشه‌ویستی كوردستان،
داواتان لێ دەکەم لە کاتی گەشت و سەیراندا، بەوپەڕی وریایییەوە ڕەچاوی سەلامەتیی خۆتان و خێزان و ئازیزانتان بكه‌ن. بەتایبەتی لەم ڕۆژگارەدا کە ناوچەکەمان بە دۆخێکی ئاڵۆز و پڕ لە لێکەوتەی مەترسیداری شەڕدا تێدەپەڕێت، پێویستە هەمووان زیاتر ئاگاداری خۆتان بن.
ده‌بێ پابەندی ڕێنمایییەکانی هاتوچۆ و لایەنە پەیوەندیدارەکان بن، تاکوو ئەم جەژنە بە ئارامی و سەلامەتی بكه‌نه‌وه و هیچ ناخۆشییەک یادی نەورۆزمان لێ تاڵ نەکات. پاراستنی ژینگە و سروشتی جوانی کوردستان، ئەرکێکی نیشتمانی و نیشانەی شارستانیبوونی ئێمەیە و ده‌بێ پابه‌ندی بین.
نەورۆز لە هەموو ئەو گەلانەش پیرۆز بێت کە ئەم یادە دەکەنەوە. خوای مه‌زن ئێوه هه‌مووتان و گه‌ل و نیشتمانمان بپارێزێت و ئاشتی و ئارامی و دڵنیایی؛ باڵ به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌مان و ته‌واوی مرۆڤایه‌تیدا بكێشێت.
جەژنتان پیرۆز، هەموو ساڵێک بە خۆشی و كامه‌رانی.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
2026/3/20
PM:04:45:20/03/2026
ئه‌م بابه‌ته 216
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت