هاتووچۆی سلێمانی چەند داواکارییەک ئاڕاستەی هاوڵاتییان دەکات


وێستگەنیوز-

بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی رێنماییەکانی بۆ رۆژانی جەژن و بڵاوکردەوە و چەند داواکارییەک لە هاوڵاتییان دەکات.


هاتووچۆی سلێمانی رایگەیاند، داواکارین لە سەرجەم بەکارهێنەرانی شەقام بەگشتی و شۆفێران بە تایبەتی، پابەندی ئەم ڕێنماییانەی خوارەوە ببن:

1- دایکان و باوکانی بەرێز، سویچی ئۆتۆمبێلەکانتان مەدەنە دەست ئەو کوڕ و کچانەی مۆڵەتی شۆفێریان نیە، چونکە ئەمە سەرپێچی یاسای هاتووچۆیە و ڕێکاری یاسایی دەگیرێتە بەر (لێخوڕێنی ئۆتۆمبێل بێ مۆڵەتی شۆفێری بەشی 21 لە یاسای هاتووچۆ).

2- بەهۆی زیادبوونی منداڵان لە شەقام و کۆڵانەکان لە ڕۆژانی جەژندا، تکایە بە وریایی زیاتر شۆفێری بکەن و خۆتان لە خێرایی و سەرکێشی بپارێزن.

3- پێویستە شۆفێر و سەرنشینان پشتوێنی دڵنیایی (قایشی سەلامەتی) بەکار بهێنن.

4- تکایە مۆبایل بە هیچ شێوەیەک لە کاتی شۆفێریدا بەکار مەهێنن.

5- شۆفێرانی ماتۆڕسکیل پابەندی خێرایی دیاری کراوو چرای ترافیک و بەکار هێنانی کڵاوی سەرپارێزی بن.

6- شۆفێرانی ماتۆڕسکیل خۆیان لە سەرکێشی و دروستکردنی مەترسی و بێزارکردنی هاوڵاتیان بپارێزن.

7- سەرخستنی منداڵان لە بەشی پشتەوەی بار هەڵگرەکان و ماتۆڕسکیلەکان قەدەغەیە و لە کاتی سەرپێچی دەست بەسەر ئەو سوارڕەوانە دەگیرێت.

8- پارککردنی ئۆتۆمبێل بە شێوەی نادروست قەدەغەیە و لێپرسینەوەی یاسایی لەگەڵ دەکرێت.

9- لە یەکەم ڕۆژی جەژن، مەفرەزەکانی هاتووچۆ لەبەردەم سەرجەم گۆڕستانەکانی سلێمانی دابەش دەبن بۆ ڕێکخستنی هاتووچۆ.

10- مەفرەزەکان لە شوێنە گەشتیاری و سەیرانگاكانیش دابەش دەبن و هیوادارین شۆفێران هاوکاریان بن.

11- کامێراکانی چاودێری خێرایی بەردەوام لە کارکردندا دەبن، وەک ڕۆژانی ئاسایی لە ڕیگەوبانەکانی ناوشارو دەرەوەی شارەکان.

12- پابەندی بە خێرایی دیاری کراوبن، بە تایبەتی لە ناو شوێنە گشتی و کۆڵانەکاندا.

13-شۆفێری بەڕێز ڕۆژانی 21 و 22 و 23ی ئادار هاتنە ناوەوەی سوارڕەوی بارهەڵگر بۆ ناو سەنتەری قەزای دوکان قەدەغەیە.

14– شۆفیری بەڕێز خۆت بە دوور بگرە لە شۆفێریکردن لە ژێر کاریگەری مەیدا.

لەکۆتایی راگەیەندراوەکەشدا هاتووە، "لە حاڵەتی پێویستدا شۆفێران دەتوانن لە رێگەی هێڵی گەرمی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی ژمارە (188) پەیوەندیمان پێوە بکەن".


AM:10:17:19/03/2026


ئه‌م بابه‌ته 404 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو