ئێران مەرجەكانی بۆ ئاگربەست ئاشكرا دەكات


وێستگەنیوز-

سەرۆكی پەرلەمانی ئێران رایدەگەیەنێت، وڵاتەكەی ئامادەیە بە مەرجی دووبارە دەستپێنەكردنەوەی شەڕ ئاگربەست رابگەیەنێت، وتیشی، ئامادەن رێکكەوتن لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی بكەن.

محەمەد باقر قالیباف، سەرۆكی پەرلەمانی ئێران لەدیدارێكدا لەگەڵ رۆژنامەی "عەرەبی جەدید" رایگەیاند، "ئێران ئاگربەستێك قبووڵ ناكات ئەگەر لەوە دڵنیا نەبێت كە شەڕ دەستپێناكاتەوە، چونكە ئێران ئامادەیە درێژە بەشەڕ بدات".

ئاماژەی بەوەشكرد، "كە ئێران بۆ رێكەوتن لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی ئامادەیە تا سەقامگیری ناوچەكە دەستبەر بكرێت".

قاڵیباف جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، "وڵاتەكەی لەشەڕ بەردەوام دەبێت تا دوژمن بە راستی پەشیمان دەبێتەوە ‌و هەلومەرجی سیاسی و ئەمنی گونجاو لە ناوچەكە جێگیر دەبێت".

سەرۆكی پەرلەمانی ئێران وتی، "كەس باوەڕ بە بانگەشەكانی ئەمریكا سەبارەت بە لەناوبردنی تواناكانی ئێران ناكات، ئێمە كۆگایەكی تەواومان لە مووشەك و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان هەیە، ئێمە توانای بەرهەمهێنانی ئەم تەكنەلۆژیایەمان بەرێژەیەكی زۆر و بە تێچوویەكەی كەمتر لە مووشەكی بەرگریی لایەنی بەرامبەر هەیە".

هەروەها سەرۆكی پەرلەمانی ئێران دەڵێت، "ئێمە چاوەڕێی ئەوەمان نەدەكرد خاكی دراوسێكان بۆ هێرشكردنە سەر ئێران بەكاربهێنرێت، پەیامی منیش هەمان ئەو پەیامەیە كە سەركردە نوێیەكەمان ئاماژەی پێكرد، ئێوە بنكەی سەربازیتان بە ئەمریكا بەخشی بۆ ئەوەی ئاسایشی خۆتان مسۆگەر بكەن، بەڵام ئەوان بوونەتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ئێوە".


AM:10:09:17/03/2026


ئه‌م بابه‌ته 1564 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو