محەمەد حاجی مەحمود: نابێت حکومەتی هەرێمی کوردستان فریو بدرێت بە بەڵێنە بێبنەماکانی کاربەدەستانی عێراق


وێستگەنیوز-

محەمەد حاجی مەحمود، سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان پەیامێک ئاڕاستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات.


لە پەیامەکەیدا محەمەد حاجی مەحمود کە لە تۆڕی کۆمەڵاتیی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە رایگەیاندووە، "چەند ڕۆژێکه دەنگۆی ئەوە هه‌یه، کە بەهۆی لێکەوتەکانی جەنگەوە، حکومەتی عێراق لە هەوڵدایە تا لەڕێگەی بۆری نه‌وتی هه‌رێمی کوردستانەوە، نه‌وت هەناردەی ده‌ره‌وە بکات، بەڕای ئێمە نابێت حکومه‌تی هەرێمی کوردستان ئەم دەرفەتە لەدەستبدات و فریوی بەڵێنە بێبنەماکانی کاربەدەستانی عێراق بخوات و داوای بێبەرامبەریان قبوڵ بکات".

ئاماژەی بەوەکردووە، "نەک هەر ڕێگری بکرێت لە هەناردەی نەوتەکەیان لەڕێگەی بۆری نەوتی هەرێمەوە، بەڵکو ئەبێت ئەو 250 هەزار بەرمیل نەوتەی پێشتر رادەستیان دەکرا رابگیرێت، تا ئەوکاتەی هه‌موو داواکارییە یاسایی و دەستوورییەکانی هه‌رێم له ڕووی سیاسی، جوگرافی، دارایی، په‌یوه‌ندییەکان و خزمه‌تگوزارییەوە جێبەجێدەکرێت، بە خەرجکردنی مووچەی ئەو مانگانەی مووچەخۆرانیشەوە کە بەغدا دەستی بەسەردا گرتووە".

ئاماژەی بەوەشدا، "جێگەی خۆیەتی ئەم دەرفەتە لەبەرچاو بگیرێت و بکرێتە بنەما بۆ داڕشتنی ڕێککەوتنێکی نووسراوی کۆنکرێتی، تا چیتر هه‌موو ڕۆژ و مانگ و ساڵێک عێراق له‌سه‌ر مووچە و بودجە کە مافێکی سەرەتایی خەڵکە، کێشه بۆ کوردستان و میللەتەکەمان دروستنەکات".


AM:09:13:15/03/2026


ئه‌م بابه‌ته 160 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت