قوباد تاڵەبانی: کار بۆ فرەسەرچاوەکردنی بەرهەمهێنانی کارەبا دەکەین
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ دووشەممە 9ی ئاداری 2026، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران بە مەبەستی بەدوداچوون بۆ کێشەکانی کارەبا، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی بەسەر کردەوە.
لەمیانەی سەردانەیەکدا قوباد تاڵەبانی، لەگەڵ ئەندازیار ئەنوەر حەمە سەعید، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای سلێمانی و ستافی بەڕێوەبەریی بەڕێوەبەرایەتییەکە کۆبووەوە.
وەک نووسینگەی قوباد تاڵەبانی بڵاویکردووەتەوە، لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، "هەرچەندە بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانەوە ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا بە شێوەیەکی کاتی کەمبووەتەوە و دۆخی بەرهەمهێنانی کارەبا ئاسایی دەبێتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت کار بۆ فرەسەرچاوەکردنی بەرهەمهێنان بکەین بۆ ئەوەی لە داهاتوودا لە دۆخێکی نەخوازراوی هاوشێوەدا هاوڵاتییان تووشی کێشەی بێ کارەبایی نەبنەوە".
لەم چوارچێوەیەدا باس لە پلانی چۆنییەتی پەرەپێدانی سیستەمی سۆلار کرا، کە بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانی بە هاوبەشی لەگەڵ کەرتی تایبەت هەنگاوی زۆر گەورەیان ناوە و لە داهاتوویەکی نزیکدا ئاستی بەرهەمهێنان لە رێگەی سیستەمی سۆلارەوە بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز دەبێتەوە و جگە لەوەش خواستی هاوڵاتی بۆ بەکارهێنانی سیستمی سۆلار بەرزبووەتەوە.
هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی پلانی نۆژەنکردنەوەی سیستەمی بەرهەمهێنانی کارەبا لە بەنداوەکان کرا و بەپێی ئەم پلانە لەڕێی بەکارهێنانی نوێترین تەکنەلۆژیاوە ئاستی بەرهەمهێنانی کارۆئاوی بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز دەبێتەوە. لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی پشتیوانی خۆی بۆ جێبەجێکردنی پلانەکە دەربڕی.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە دواقۆناغەکانی پڕۆژەی رووناکی و پەرەپێدان بە سیستمی پێوەری زیرەک کرا. لەم چوارچێوەیەدا بەپێی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتیی کارەبا، دانانی پێوەری زیرەک لە ساڵانی رابردوودا کاریگەری گەورەی هەبووە هەم لە کەمکردنەوەی ئاستی بەکارهێنانی کارەبا لەلایەن هاوڵاتییانەوە و هەم بەهۆی کۆکردنەوەی داتای ورد و زانستی لە ڕێگەی سیستەمەکەوە توانراوە سەرچاوەی کێشەکان بدۆزرێنەوە و بەشێکی بەرچاوی کێشەکانیش چارەسەر بکرێن.
لەم چوارچێوەیەدا باس لە گرنگیی پەرەپێدانی سیستەمی پێوەری زیرەک کرا بە جۆرێک کە ئاسانکاری بەرچاو پێشكەشی هاوڵاتییان دەکات.
PM:02:59:09/03/2026
ئهم بابهته 132
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت