وەزارەتی دارایی هەرێم: ئەمڕۆ خشتەی مووچە رادەگەیەندرێت


وێستگەنیوز-

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، دوایین گوژمەی تەمویلی مووچەی مانگی شوبات خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی، ئاماژە بەوەشدەکات، ئەمڕۆ خشتەی مووچە رادەگەیەندرێت.


ئەمڕۆ دووشەممە 9ی ئاداری 2026، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "ئەمڕۆ بڕی 295 ملیار و 405 ملیۆن دینار وەک دوایین گوژمەی تەمویلی مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری لەلقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق".

ئاماژە بەوەکراوە، "هەر ئەمڕۆ دوای تەواوکردنی رێکارەکان و وەرگرتنی پارەکە لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق، خشتەی مووچە رادەگەیەنرێت و دەست بەدابەشکردنی مووچە دەکرێت".

وەزارەتی دارایی هەرێم دەڵێت، "بۆ ئەم مانگەش وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ بڕی 16 ملیار و 107 ملیۆن و 881 هەزار دیناری لە تەمویلی مووچەی مانگی شوبات نەناردووە کە بریتییە لە شایستەی مووچەی مانگەکانی رابردووی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی".

دەشڵێت، "بڕی ئەو 36 ملیار و 360 ملیۆن و 864 هەزار دینارەشی خەرج نەکردووەتەوە کە مانگی رابردوو لە تەمولی مووچەی مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵی بڕیبوو کە شایستەی ساڵی رابردووی خانەنشینانی سەربازی و شارستانی و کەمئەندامانی سەنگەر بوو، سەرەڕای ئەوەی لەڕێی نووسراوی فەڕمی و ناردنی تیمی تەکنیکیەوە روونکردنەوەی پێویستیشمان پێدابوون و داوای خەرجکردنی ئەو شایستانەمان کردبوو".


AM:11:44:09/03/2026


ئه‌م بابه‌ته 512 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت