نێچیرڤان بارزانی: دەبێت کوردستان هەمیشە نموونەیەکی درەوشاوە بێت لە پاراستنی ئافرهتان
وێستگەنیوز-
بەبۆنەی یادی 8ی مارس رۆژی جیهانی ژنانەوە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە.
لە پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی هاتووە، "بە بۆنەی هەشتی ئادار، ڕۆژی جیهانیی ئافرەتانەوە، به گهرمى پیرۆزبایی لە ئافرەتانی کوردستان، عێراق و جیهان دەکەم، هیوای سەرکەوتنی بەردەوام و پێشەنگییان بۆ دەخوازم لە کاروانە پڕ لە شانازییەکەیاندا بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری و یەکسانی".
ئاماژەی بەوەکردووە، "ژن لە کوردستان بە درێژاییی مێژوو ڕۆڵی شۆڕشگێڕی و ئاشتیخوازانەی بینیوە و ئازایەتی و خۆڕاگریی بێوێنەی سەلماندووە. ئێستاش کە هەرێمی کوردستان لە قۆناغی بنیاتنان و پتەوکردنی دامەزراوەکاندایە، ئامادەیيی کارای ئافرەتان لە سەرجەم کایەکانی سیاسەت، پێشمەرگایەتی، ئابووری، بەڕێوەبردن و پەروەردەدا، جێگەی شانازیی گەورەی ئێمەیە".
نێچیرڤان بارزانی دەڵێت، "لەم یادە پڕشکۆیەدا، ئێمە جەخت دەکەینەوە لەسەر ئەوەی کە بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی ئارام و سەقامگیر و پێشکەوتوو، بەبێ مسۆگەرکردنی تەواوی ماف و ئازادییەکانی ژن و بەهێزکردنی پێگەی لە هەموو کایەکانی بڕیارداندا، ناكرێت. وەک هەمیشە پابەندی چەسپاندنی کولتووری یەکسانی و دادوەری و بنبڕکردنی هەموو جۆرە جیاکاری و توندوتیژییەکين کە بەرامبەر بە ژنان دەکرێت، جا چ لەناو خێزان و چ لە شوێنە گشتییەکاندا بێت".
دەشڵێت، "پاراستنی شکۆ و مافەکانی ئافرەت بەرپرسیاریەتییەکی هاوبەشی حكومهت، خێزان، کۆمەڵگەی مەدەنی، میدیا و هەموو دامەزراوە کۆمەڵایەتی، پەروەردەیی و ئایینییەکانە. کار و ستراتیژیی نوێ پێويستن بۆ ئەوەی بوار و دەرفەتی یەکسان بۆ ژنان بڕەخسێنین تا ڕۆڵى كاراى زياتریان لە داڕشتنی داهاتووی وڵاتدا ههبێت. دەبێ کوردستان هەمیشە نموونەیەکی درەوشاوە بێت لە بواری یەکسانی و ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و پاراستنی ئافرهتان لە توندڕەوی و توندوتیژی".
لە کۆتایی پەیامەکەدا ئەوەش هاتووە، "لەم ڕۆژەدا، بە ڕێزهوه یادی هەموو ئەو ئافرەتە تێکۆشەرانە دەکەینەوە کە لەپێناو ئازادی و دادوەری و مافە ڕەواکانیاندا قوربانیی گەورەیان داوە. سڵاو بۆ گیانی پاکی هەموو ئەو خانمانەی بوونەتە قوربانیی توندوتیژی، یادیان هەمیشە بە خێر بێت".
AM:10:08:08/03/2026
ئهم بابهته 244
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت