هاوپه‌یمانیی هێزه سیاسییه‌كانی كوردستانی ئێران 6 داواكاری ئاراسته‌ی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان ده‌كات
وێستگه‌نیوز
هاوپه‌یمانی حزبه سیاسییه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان راگه‌یه‌ندراوی ژماره 1ی بڵاوكرده‌وه و تیایدا هاتووه:
*له رۆژی شه‌ممه 9ی ره‌شه‌مه‌وه ره‌وتی رووداوه‌كان له ئێران به‌ره‌و ئاڵوگۆڕێكی قووڵ و بنه‌ڕه‌تی ده‌چن.
*ئه‌و شه‌ڕه‌ی كه له ئێستادا هه‌ڵگیرساوه ئاكامی ده‌یان ساڵ سیاسه‌تی زێده‌خوازیی رژێم، ده‌ستێوه‌ردان له كاروباری وڵاتانی ناوچه، پاڵپشتیی تێرۆریزمی ده‌وڵه‌تی، پێداگری له‌سه‌ر ده‌سخستنی بۆمبی ئه‌توم و پێشخستنی پیشه‌سازیی مووشه‌كی، دروستكردنی هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر ئه‌منییه‌تی جیهانی و پێملنهبوونی رژێم به رێوشوێنه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كانه.
*سیاسه‌تێك كه دواجار هه‌م ئێرانی كرده وڵاتێكی وێران به ئابوورییه‌كی داڕماو و هه‌م رژێمه‌كه‌شی به‌ره‌و رووخان برد.
*كوژرانی خامنه‌یی، رێبه‌ری رژێم و ده‌یان فه‌رمانده‌ی نیزامی و كاربه‌ده‌ستی سیاسیی ئه‌م رژێمه‌ش دۆمێنۆی ئه‌و رووخانه‌ی خێراتر كردووه.
*هاوپه‌یمانیی هێزه سیاسییه‌كانی كوردستانی ئێران رایده‌گه‌یه‌نێ كه ئه‌م شه‌ڕه، شه‌ڕی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێران و نه‌ته‌وه‌كانی ئه‌م وڵاته له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا و ئیسڕائیل و كۆمه‌ڵگه‌ی جیهانی نییه.
ئه‌وه رژێمی دیكتاتۆر و سه‌ركوتگه‌ری كۆماری ئیسلامییه كه هه‌موو خه‌ڵكی وڵاتی به‌بارمته گرتووه، هه‌موو ماف و ئازادییه‌كی لێ زه‌وت كردوون و هه‌ر له به‌فرانباری ئه‌مساڵدا هه‌زاران كه‌س له خه‌ڵكی راپه‌ڕیو و مافخوازی ئێرانی كۆمه‌ڵكوژ كرد.
*له ئێستاشدا كه ئێران و رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له به‌رده‌م چاره‌نووسسازترین رۆژه‌كانی خۆیاندان، روو به كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان داوا ده‌كه‌ین:
1) خه‌ڵكی كوردستان پێ به‌پێی ره‌وتی رووداوه‌كان پێویسته له‌سه‌ر هه‌ست بن و وشیارانه به‌ره‌وڕووی پێشهاته‌كان ببنه‌وه و هه‌ڵسووكه‌وتی سیاسیی خۆیان له‌گه‌ڵ داوا و راسپارده‌كانی هاوپه‌یمانیی هێزه سیاسییه‌كانی كوردستانی ئێران رێكبخه‌ن و ئه‌م هه‌ماهه‌نگی و پێوه‌ندییه زیندوو و به‌رهه‌مدار بكه‌ن.
2) له رۆژانی بهچۆكداهاتنی رژێم و راپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ریی خه‌ڵكدا پێویسته سه‌رجه‌م بنكه و داموده‌زگا ئیداری و خزمه‌تگوزارییه‌كان له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی و پێداویستییه‌كانی گشتیدا بپارێزرێن.
3) داوا له هێزه چه‌كداره‌كان رژێم له كوردستان ده‌كه‌ین ریزی خۆیان له پاشماوه‌كانی كۆماری ئیسلامی جیا كه‌نه‌وه. پێیان راده‌گه‌یه‌نین وا باشه ئه‌م دوا ده‌رفه‌ته بۆ پشتتێكردن له دوژمن و هه‌ڵبژاردنی به‌ره‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌یان له‌كیس خۆیان نه‌ده‌ن.
4) پێویسته هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان به ژیری و پێگه‌یشتووییه‌وه به‌ره‌وڕووی گۆڕانكارییه‌كان بچن و خۆ له هه‌ڵه‌شه‌یی و تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی تاكه‌كه‌سی كه زیان به ئه‌منییه‌ت و پاراستنی گشتیی كۆمه‌ڵگه ده‌گه‌یه‌نێ بپارێزن.
5) داوا ده‌كه‌ین له‌پێناو پارێزراوبوونی زیاتردا چه‌ندی ده‌توانن له بنكه و ناوه‌نده سه‌ربازی و ئهمنییهتییهكانی ریژیم دوور بكه‌ونه‌وه.
6) داوا ده‌كه‌ین له رۆژانی سه‌ختی به‌رده‌مماندا خه‌ڵكه‌كه‌مان به‌تایبه‌ت توێژی بازاڕ و دووكاندار و خاوهنماڵهكان زیاتر له هه‌ركاتێك ئاگاداری یه‌كتری به‌تایبه‌ت خه‌ڵكی كرێچی، هه‌ژار و بێئه‌نوا بن و به ده‌سگرۆیی یه‌كتر ئه‌و رۆژه سه‌خت و دژوارانه تێپه‌ڕینین.
راشیگه‌یاندووه هاوپه‌یمانیی هێزه سیاسییه‌كانی كوردستانی ئێران له‌گه‌ڵ ره‌وتی رووداوه‌كاندا سیاسه‌ت و به‌رنامه‌كانی له رێگه‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كانی دیكی خۆیه‌وه بڵاو ده‌كاته‌وه.
PM:09:46:02/03/2026
ئه‌م بابه‌ته 752
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت