ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی دڵنیایی دەدات بە هاوڵاتییان
وێستگەنیوز-
ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی رایگەیاند، "دڵنیایی تەواو بە هاوڵاتییان دەدەین کە هیچ کێشەیەک لە دابینکردنی خۆراک و کاڵاکانی پێویستی ڕۆژانەدا نییە و هەموو جۆرەکانی خواردەمەنی و پێداویستییە سەرەکییەکان بەردەستن لە کۆگا و بازاڕ و مارکێتەکاندا".
ئاماژە بەوەکراوە، "بازرگانانی پارێزگای سلێمانی لە پێشوازی مانگی ڕەمەزان پیرۆزدا، بە ئامادەکارییەکی تەواوەوە، بڕێکی زۆر لە کاڵا و خواردەمەنیان هاوردە کردووە بۆ ئەوەی پێداویستییەکانی هاوڵاتیان بەشێوەیەکی ئاسایی و بەردەوام دابین بکرێت. ئێستا سەرجەم کۆگاکان پڕن لە خواردەمەنی و کاڵای سەرەکی".
ئەوەش خراوەتەڕوو، "بازرگانانی شاری سلێمانی هەمیشە وەک ناوەندێکی سەرەکی بۆ دابەشکردنی خواردەمەنی بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراق ناسراوە، ئێمە دڵنیایی دەدەین کە ئەم ڕۆڵە گرنگە بەهێز و بەردەوام دەبێت، هاوڵاتییان دڵنیادەکەینەوە لەوەی هاوردەکردنی کاڵا تەنها پشتی بە دەروازە سنوورییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران نەبەستووە، بەڵکو لە ڕێگەی دەروازە و ناوەندەکانی دیکەی عێراقیش وەک مینای ئومقەسر و دەروازەی ئیبراهیم خەلیل بەردەوامە، ئەمەش دڵنیایی زیاتر دەدات بۆ بەردەوامی".
ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی دووبارە دڵنیایی دەدات بە هاوڵاتییان کە هیچ مەترسییەک لەسەر کەمی خواردەمەنی و کاڵاکانی پێویستی لە پارێزگای سلێمانی نییە.
PM:07:16:28/02/2026
ئهم بابهته 84
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت