ئۆجەلان: بەبێ تورک کورد نابێت و بەبێ کوردیش تورک نابێت
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ هەینی 27ی شوباتی 2026، لە ساڵڕۆژی بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکدا لە هۆڵی یەڵماز گونەی لە ئەنقەرە لەلایەن شاندی ئیمراڵییەوە نوێترین پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان "پەکەکە" خوێندرایەوە.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا رایگەیاندووە، "بانگەوازی ئێمە بۆ کۆتاییهێنان بوو بە چەک و تێپەڕاندنی شەڕ و کوشتن بوو".
ئاماژەی بەوەکرد، "پێویستە پەکەکە لە رووی فیزیکییەوە لە تووندوتیژی دووربکەوێتەوە، چونکە سەردەمی سەرهەڵدانی چەکداری کۆتایی هاتووە".
ئۆجەلان جەختی لەوەکردەوە، "بەبێ تورک کورد نابێت و بەبێ کوردیش تورک نابێت، هەروەها پەیوەندیی هاوڵاتیی لەسەر بنەمای یەک نەتەوە نەبێت لە تورکیا و هیچ نەتەوەیەک بەسەری ئەوی دیکەدا نەسەپێندرێت".
ئاماژەی بەوەشدا، "پێویستە پەیوەندی هاوڵاتی لەسەر بنەمای پەیوەندی بێت بە دەوڵەتەوە، هەروەها ئازادی ئایین، زمان و بیروڕا لەلایەن یاساوە پارێزراو بێت".
ئۆجەلان لە پەیامەکەید اوتی، "پێویستە کۆمارێکی دیموکراتیک بێتە کایەوە، چونکە ئێستا کاتی سیاستی دیموکراتیک و دیالۆگە".
وتیشی، "زمانی ئەم سەردەمە نابێت زمانێکی فەرمانڕەوا و دیکتاتۆرانە بێت".
دەقی پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان:
بانگەوازەکەمان لە ٢٧ـی شووباتی ٢٠٢٥، بەیاننامەیەکە بۆ ئەوەی سیاسەتی دیموکراتیک جێبەجێ بکرێت ئەوا چەک مانای خۆی لەدەست دەدات، بەیاننامەیەکی ڕوونە کە سیاسەت پەسەندکراو و تەواوکەرە. بە ئیرادە و پراکتیکی تاکلایەنە بەشێوەیەکی بنەڕەتی قۆناغی سەرهەڵدانی نەرێنیمان تێپەڕاندووە. پڕۆسەی ڕابردوو توانا و هێزی ئێمەی بۆ دانووستان سەلماند و دەتوانین ڕێگا خۆش بکەین سیاسەتی توندوتیژی و دووبەرەکیی بگوازینەوە بۆ سیاسەتی دیموکراتیک و ئەنتێگراسیۆن. بانگەواز و کۆنفڕانس و کۆنگرەمان بۆ ئەو مەبەستە بوو. بڕیارەکانی ڕێکخستنەکە بۆ هەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە ستراتیژی خەباتی چەکداری نەک هەر ڕەتکردنەوەی فەرمی و پراکتیکی توندوتیژی، بەڵکو گۆڕانکارییەکی دەروونی بەرەو ڕێبازێکی سیاسی نیشان دا. لە هەمان کاتدا ئەمە ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنی دەروونی لەگەڵ کۆمارب بوو.
بە هەستێکی گەورەوە سری سورەیا ئۆندەر بەبیر دەهێنمەوە
ئیرادەی بەڕێز ئەردۆغان، بانگەوازەکەی بەڕێز باخچەلی، بەشداریی بەڕێز ئۆزەل و هەوڵەکانی هەموو کەسایەتی و دامەزراوە سیاسی، کۆمەڵایەتی و مەدەنییەکانی تر کە ساڵی ڕابردوو بە شێوەیەکی ئەرێنی بەشدارییان لە پڕۆسەکەدا کرد، بە زۆر گرنگ دەبینم. بە تایبەتیش جارێکی تر یادی هەڤاڵمان "سری سورەیا” بە ڕێز و هەستێکی گەورەوە دەکەمەوە.
دیالێکتیکی پەیوەندییەکانی کورد و تورک
تورک بێ کورد و کوردیش بێ تورک نابن. ئەم دیالێکتیکە پەیوەندییە خاوەن کارەکتەرێکی مێژوویی ڕەسەنە. نووسینە بنەڕەتییەکان لە پڕۆسەی دامەزراندنی کۆماردا، یەکێتیی تورک و کوردیان نیشان دەدا. بانگەوازەکەمان لە ٢٧ـی شووباتدا هەوڵێکە بۆ زیندووکردنەوەی ئەو ڕۆحی یەکێتییە و داواکارییەکە بۆ کۆمارێکی دیمۆکراتیک. ئامانجمان بوو میکانیزمی خوێن و ململانێ بشکێنین. لەبری بینینی مێژووییبوون، جدییەت و مەترسییە شاراوەکانی کێشەکە، ئەگەر بەپێی بەرژەوەندیی سیاسیی کاتی و تەسک بجوڵێینەوە، ئەوا هەموومان لاواز دەبین. هەوڵدان بۆ درێژەدان بە ئینکار و سەرهەڵدان، هەوڵدانە بۆ بەردەوامبوونی گەورەترین ناڕێکی. ئەو کۆسپانەی بەردەم یەکێتی لادەبەین کە لە دوو سەد ساڵی ڕابردوودا هەوڵدەدرا ئەم یەکێتییە بشێوێندرێت؛ مەرجەکانی یاسای یەکێتی جێبەجێ دەکەین. دەمانەوێت گفتوگۆ بکەین لەسەر ئەوەی چۆن بگەینە لای یەک و ژیانی پێکەوەیی بنیاد بنێین.
پێویستە دەربازی قۆناغی ئەرێنی بین
ئێستا دەبێت لە قۆناغی نەرێنییەوە بەرەو قۆناغی ئەرێنیی بنیادنان هەنگاو بنێین. ڕێگە بۆ سەردەم و ستراتیژێکی نوێی سیاسەت دەکرێتەوە. ئامانجمان ئەوەیە سەردەمی سیاسەتی توندوتیژی کۆتایی پێ بهێنین و پڕۆسەیەک لەسەر بنەمای کۆمەڵگەی دیموکراتیک و سەروەریی یاسا بکەینەوە. داوا لە هەموو توێژەکانی کۆمەڵگە دەکەین لەم بوارەدا دەرفەت بخوڵقێنن و بەرپرسیارێتی بگرنە ئەستۆ.
دەبێت دەوڵەت وەڵامی گۆڕینی دیموکراتیک بداتەوە
کۆمەڵگەی دیموکراتیک، کۆدەنگی دیموکراتیک و ئەنتێگراسیۆن هەوێنی هۆشیاریی قۆناغی ئەرێنین. قۆناغی ئەرێنی شێوازەکانی تێکۆشانی زۆرەملێ و توندوتیژی وەلاوە دەنێت. ئامانجی بنیادنانی ئەرێنی دەستبەسەرداگرتنی هیچ دامەزراوە یان پێکهاتەیەک نییە، بەڵکو ئامانج ئەوەیە هەر تاکێکی کۆمەڵگە بتوانێت بەرپرسیارێتی هەڵبگرێت و بەشداری لە بنیادنانی کۆمەڵایەتیدا بکات. ئامانج ئەوەیە بونیادنانەکە بە یەکەوە و لە ناو کۆمەڵگەدا بێت. گرووپە چەوساوەکان، گرووپە نەتەوەیی، ئاینی و کولتوورییەکان دەتوانن لە ڕێگەی تێکۆشانی دیموکراتیکی بەردەوام و ڕێکخراوەوە، خاوەندارێتی لە دەستکەوتەکانیان بکەن. لەم پڕۆسەیەدا زۆر گرنگە کە دەوڵەت وەڵامی وەرچەرخانی دیموکراتیک بداتەوە.
AM:11:59:27/02/2026
ئهم بابهته 140
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت