پێشەوا هەورامانی: داهاتی ناوخۆ فشارێکی زۆری لەسەرە و بە رێژەیەکی زۆر کەمبووەتەوە
وێستگەنیوز-
وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، داهاتی ناوخۆ فشارێکی زۆری لەسەرە و بە رێژەیەکی زۆر کەمبووەتەوە، ئاماژە بەوەشدەکات، لە 23ـی ئەم مانگەوە نووسراوی مووچە و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی پێشوویان بۆ بەغدا ناردووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 25ی شوباتی 2026، پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە میدیای پارتی راگەیاند، "لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا لێخۆشبوونی %20ی سزاکانی سەرپێچیی هاتووچۆ تاوەکو 30 حوزەیرانی 2026 درێژبکاتەوە".
ئاماژەی بەوەکرد، "لە 23ی ئەم مانگەوە نووسراوی مووچە و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی پێشوومان بۆ وەزارەتی دارایی عێراق ناردووە".
پێشەوا هەورامانی وتی، "لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژە بەوە کراوە کە داهاتی ناوخۆ فشارێکی زۆری لەسەرەو بە رێژەیەکی زۆر کەمبووەتەوە، بە تایبەت داهاتی گومرگەکان بە رێژەی %60 کەم بووەتەوە".
پێشەوا هەورامانی لەبارەی پرسی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە ئاماژەی بەوەدا، "لەگەڵ حکومەتی ئێستای فیدراڵ تەنیا دەتوانین لەبارەی مووچەوە گفتوگۆ بکەین، بەڵام لە داهاتوودا حکومەتی نوێی فیدراڵ پێکبهێنرێت، ئەوا حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر بەشە بودجە و شایستە داراییەکان گفتوگۆیان لەگەڵ دەکات، چونکە مافی ساڵانەی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی عێراقدا 22 ترلیۆن دینارە، دوای پێکهێنانی حکومەتی نوێی فیدراڵ، ئێمە داوای ئەم مافە داراییەی هەرێمی کوردستان دەکەین، لەبەر ئەوەی هەرێمی کوردستان ساڵانە تەنیا بۆ پێدانی مووچە پێویستی بە 14 ترلیۆن دینارە".
وتیشی، "لە کاتەدا بڕیار نییە هیچ شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بچێتە بەغدا، بەڵام بە حکومەتی فیدراڵمان وتووە، بۆ یەکلاکردنەوەی باسی داهاتە نانەوتییەکان، هەر کاتێک ئێوە ئامادەبوون، ئەو کاتە شاندی هەرێمی کوردستان بۆ پێدانی روونکردنەوەی داهاتە نانەوتییەکان ئامادەیە".
PM:02:26:25/02/2026
ئهم بابهته 344
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت