ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کۆدەبێتەوە و گفتوگۆ لەسەر سێ پرس دەکات


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ چوارشەممە 25ى شوباتی 2026، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران کۆدەبێتەوە.


بەپێی ئەو کارنامەی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی بڵاویکردووەتەوە، لە کۆبوونەوەکەدا سێ بڕگەى سەرەکی گفتوگۆ دەکرێن:

لە بڕگەى یەکەمدا، بەدواداچوونی ئەنجومەنی وەزیران بۆ دواهەڵوێستی بارودۆخی دارایی هەرێم و خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆران و بەدواداچوونی دەرئەنجامی کۆبوونەوەی تیمی هاوبەشی هەردوو چاودێریی دارایی فیدراڵی و هەرێم لەبارەی پابەندیی دارایی هەردوو حکومەتی فیدراڵی و هەرێم لە بەرامبەر یەکتر گفتوگۆ دەکرێت.

لە بڕگەی دووەمدا، هەنگاوەکانی ئەم دواییە سەبارەت بە کەوتنەبواری جێبەجێکردنی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و ڕێکخستنەوەی سەرجەم هێزەکانی پێشمەرگە لەناو وەزارەتی پێشمەرگە تاووتوێ دەکرێ.

لە بڕگەى سێیەمدا، گفتوگۆ دەکرێت لەسەر پێشنیاری وەزارەتی ناوخۆ، تایبەت بە درێژکردنەوەی ماوەی کارکردن بە بڕیاری پێشووی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (282) لە ڕێکەوتی 18ی حوزەیرانی 2025، تایبەت بە لێخۆشبوونی سزاکانی سەرپێچیی هاتوچۆ بە ڕێژەی (20%) بۆ شەش مانگی دیکە تاکوو 30ی حوزەیرانی 2026.


PM:12:06:25/02/2026


ئه‌م بابه‌ته 360 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت