مەسعود بارزانی و حزبی دەعوە: پێویستە پەلە بكرێت لە پێكهێنانی حكومەتێكی بەهێزدا


وێستگه‌نیوز –

مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و حزبی دەعوەی ئیسلامی دووپاتیانكردەوە، پێویستە پەلە بكرێت لە پێكهێنانی حكومەتێكی بەهێزدا.


حزبی دەعوە لە راگەیەندراوێكدا بڵاوی كردەوە، "وەفدێکی حزبی دەعوەی ئیسلامی بە سەرۆکایەتی عەباس بەیاتی لە سەردانێکی فەرمیدا بۆ هەرێمی کوردستان لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوە".

لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، لە میانی دیدارەکەدا باس لە دۆسیەی شایستە دەستوورییەکان کرا، جگە لە گفتوگۆکردن لەسەر میکانیزمەکانی پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز و بەتوانا کە بتوانێت خواستى هاوڵاتیان بەدی بهێنێت و سەقامگیری پڕۆسەی سیاسی لە وڵاتدا پتەو بكات، هاوکات جەخت لەسەر پێویستی خێراکردنی تەواوکردنی ئەو شایستەیانە لە چوارچێوەی دەستووری و یاساییدا کرایەوە.

بەپێی راگەیەندراوەكە، هەردوولا جەختیان لە بەهێزکردنی ئەو هاوبەشیانە کردەوە کە حزبی دەعوەی ئیسلامی و پارتی دیموکراتی کوردستان یەکدەخەن، ئاماژەیان بەوە کرد کە ئامانجی سەردانەکە بریتییە لە پتەوكردن و بنیاتنانی ئەو هاوبەشیانە، بە مەبەستی بەشداریکردن لە چەسپاندنی سەقامگیری سیاسی و دامەزراوەیی و فراوانکردنی ئاسۆکانی هاوکاریی نیشتمانیی هاوبەش.

کۆبوونەوەکە جەختیكردەوە لەسەر پتەوکردنی هەماهەنگی هاوبەش بە شێوەیەک کە خزمەت بە پرۆسەی سیاسی و پاڵپشتی لە سەقامگیری نیشتمانی بکات و هاوسەنگ بێت لەگەڵ خواستەکانی گەلی عێراق بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێکی بەهێز و دادپەروەر و سەقامگیر .


PM:03:13:21/02/2026


ئه‌م بابه‌ته 156 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت