قوباد تاڵەبانی: ئەركی ئێمە لە زمان پاراستنەوە گۆڕاوە بۆ گەشەپێدانی زمانی کوردی
وێستگهنیوز –
جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە بۆنەی رۆژی جیاهانی زمانی دایكەوە رایدەگەیەنێت، ئەركی ئێمە لە زمان پاراستنەوە گۆڕاوە بۆ گەشەپێدانی زمانی کوردی.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا بڵاوی كردەوە، "لە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکدا، پیرۆزبایی لە هەموو ئەو نووسەر و شاعیر و خەباتکارانە دەکەین، کە دەیان ساڵە سینە و زاریان كردۆتە قەڵغان لە پێناو پاراستنی زمانی کوردیدا، وەك سەربازی ون؛ ڕەنج و تاڵی و مەینەتیی زۆریان بۆ زمانەكەمان چەشتووە".
وتيشى، "لەمڕۆدا لەگەڵ پارێزەرانی زمان، ئاواتمانە هەموو منداڵانی کورد ئەو مافە سەرەتاییەیان بۆ بەدی بێت، کە پەروەردەكردن و فێركردنە بە زمانی شیرینی کوردى".
ئاماژەشیكرد، "ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا، ئەركی ئێمە لە زمان پاراستنەوە گۆڕاوە بۆ گەشەپێدانی زمانی کوردی. دەبێت حکومەت و ناوەندە زانستییەكان، بە پێی پلان و چنینێكی هاودەنگ، کار بکەن، تا زمانی کوردی لەگەڵ گۆڕانکاری و پێشکەوتنە زانستی و بەجیهانیبوونەكاندا، برەو بسەنێت، بۆ ئەوەی نەک لە مەترسیی پەراوێزکەوتن و پاشکۆبوون ڕزگاری بکەین، بەڵکو شانبەشانی زمانە زیندووەکانی جیهان، وەك چۆن ڕەگدارە، وەهاش پایەدار و بەكار بێت".
AM:11:30:21/02/2026
ئهم بابهته 136
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت