شاسوار عەبدولواحید: لەئێستادا کەس نازانێ کێ حکومەت دروستدەکات و هیچ کەسێک بەتەنها ناتوانێت حکومەت پێکبهێنێت
وێستگەنیوز-
شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە نووسینێکدا بە ناونیشانی "ئۆپۆزسیۆن لە دووڕیانی گۆڕینی حوکمرانی یاخود مانەوەی ئەم دەسەڵاتە" دەڵێت، "لەئێستادا کەس نازانێ کێ حکومەت دروستدەکات و هیچ کەسێک بەتەنها ناتوانێت حکومەت پێکبهێنێت".
لە نووسینەکەیدا شاسوار عەبدولواحید رایگەیاندووە، "لە دوای ساڵی ٢٠٠٥ەوە، پارتیی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رێکەوتنی دوولایەنەیان هەبووە و پێکەوە زۆرینە بوون، هەموو بڕیارێک لەلای ئەو دوو حزبە بوو کە بێگومان لەم رێکەوتنەدا یەکێتی زیانێکی گەورەی بەرکەوت و پارتی ئەو دۆخەی ئێستای دروستکرد و خۆیشی تێیدابوو بە حزبی ژمارە یەکی هەرێمی کوردستان، ئەگەر یەکێتی لەبری هاوپەیمانێتی لەگەڵ پارتی، لەگەڵ هێزەکانی تردا هاوپەیمانێتی دروست بکردایە، کارەساتی مەلەفی نەوت و دەست بەسەرداگرتن و بە بارمتەگرتنی مووچەی فەرمانبەران رووی نەدەدا، هەڵبژاردن و کۆمیسۆنی کۆنترۆڵکراوی پارتی بوونی نەدەبوو، ١١ کورسیی کەمینەکان بۆ پارتی یەکلایی نەدەبووەوە، سولفەی زەواج و سولفەی عەقار دیزە بەدەرخۆنە نەدەکران، کارەبا گران نەدەکرا و بەمشێوەیەی ئێستا کەرتی تەندرووستیی تەسلیمی کۆمپانیا نەدەکرا (کە پارتیی سوومەندی سەرەکیی ئەو گۆرانکارییانە بووە)".
ئاماژە بەوەدەکات، "ئێستا و دوای ٢١ ساڵ، پارتی و یەکێتی وەکو ژمارە پێکەوە ٦٢ کورسییان هەیە و دەتوانن هەموو بڕیارێک پێکەوە بدەن، بەڵام ئەمجارە چیرۆکەکە جیاوازە، دۆخێک دروستبووە کە پارتی و یەکێتی ناتوانن وەک پێشتر پێکەوە حکومەت پێکبهێنن و ئەوە ساڵێک زیاترە حکومەت پێکنەهێندراوە".
شاسوار عەبدولواحید دەڵێت، "لەئێستادا کەس نازانێ کێ حکومەت دروستدەکات و هیچ کەسێک بەتەنها ناتوانێت حکومەت پێکبهێنێت، بەڵام تۆ ئەم بەڕێزانە پێش ئەوەی هیچ روویدابێت، دەڵێن من ئۆپۆزسیۆنم و من ئۆپۆزسیۆنم! باشە ئۆپۆزسیۆن بە، بەڵام ئۆپۆزسیۆنی کێیت؟! کێ ناڵێت تۆ حکومەت پێکهنابێنیت؟ وەک ئەوەی لە بەغدا هەموو هێز و لایەنە سەرەکییەکان نەیانتوانی حکومەت پێکبهێنن، کەسێکیان هێنا کردیان بە سەرۆکی حکومەت کە تەنها سێ کورسیی هەبوو".
دەشڵێت، "لەم چرکەساتە هەستیار و گرنگەدایە پێویستە ئۆپۆزسیۆن ڕۆڵە مێژووییەکەی خۆی ببینێت و ئازیانە بڕیار بدات، ئەگینا ئەگەر ئەوان رێکبکەون لەنێوان خۆیاندا و ئۆپۆزسیۆن بڵێ رێکەوتن و هاوپەیمانێتیی حەرامە بۆ ئێمە و تەنها بۆ پارتیی و یەکێتیی کراوە و ئەوان تەنها تەماشاکەر بن، ئەی کەواتە بۆچی ئەم حیزبانە بەشداریی هەڵبژاردن دەکەن و بەڵێن بە خەڵک دەدەن و خەونی ڕەنگاوڕەنگ نیشانی دەنگدەران دەدەن؟!".
راشیگەیاندووە، "ئێ باشە ئەگەر لەگەڵ یەکێتیدا رێکناوکەن، وەرن پێکەوە هاوپەیمانییەک دروست بکەن کە من پێشتر داوای ئەوەشمکرد و گوتم با ببنە هاوپەیمانییەک لەگەڵ نەوەی نوێ و یەکێتی و هەموومان پێکەوە دەبینە زۆرینە، گوتیشم کە پۆستەکانی خۆشمان دەبەخشم بە ئێوە، بەمەرجێک وەرنە پێشەوە و لەدورەوە تەماشاکەر مەبن و با هەموومان ئەم هاوسەنگییە بگێڕینەوە بۆ ڕێڕەویی حوکمڕانیی و سەرۆک وەزیرانێک لە دەرەوەی پارتیی هەڵبژێرین و حکومەتێکی جیاواز و خزمەتگوزار درووست بکەین کە خزمەتی هاوڵاتییان بکات. بەڵام بەداخەوە نەهاتن و بیانووەکەیان ئەوەیە کە ئەوان ئۆپۆزسیۆنن «بەڵام ئاساییە لە پەرلەمان لەگەڵیاندا بن، لە لیژنەکان لەگەڵیاندا بن، لە کۆڕ و کۆبوونەوەکان لەگەڵیاندا دانیشن، لە بەغدادیش لەگەڵیاندا بن»، بەهەرحاڵ ئەم بیانووانە نە بۆ ئێستا و نە بۆ مێژووش نایخوات، ئەم هەڵوێستە لە مێژوودا دەنووسرێتەوە کە ئەم بەڕێزانە نەهاتنە پێشەوە بۆ درووستکردنی ئەم گۆڕانکارییە مێژووییە و گۆڕینی ڕێڕەویی حوکمڕانیی، ئەوسا بیانووەکان هەرچیەک بووبن، هەموو ئەو بیانووانە بەر نەفرەتی نەوەکانی داهاتوومان دەکەون".
سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی وتویەتی، "لەم دۆخەدا کە هەموو میللەتەکە چاوەڕوانی گۆڕانکارییە و بەشداریی هەڵبژاردنی کردووە و دەنگی داوە، دەیەوێت تۆ باری لاری حوکمڕانیی بۆ ڕاست بکەیتەوە، کە نایکەیت، بیانوو دەهێنیتەوە، چیرۆک و حیکایەت دەخوێنیتەوە کە ناچێت بە گوێی فەرمانبەری بێ موووچە و کاسبکاری بێ پارە و گەنجی بێئیش و دانەمەزراو، کاتی هەڵبژاردنیش بەڵێنت پێدابن کە هەر دەرفەتێک بێتە پێشەوە تۆ ئەم حوکمڕانییە دەگۆڕیت! بەڵام نەخێر و نەهاتیتە دەست، چونکە ئاسانتریین ئیش ئەوەیە لە دورەوە تەماشاکەر بیت و بڵێی من حەقی سیاسەتم نیە و تەنها لە فەیسبوکەوە هاوار بکەیت، هاواری فەیسبوک دەبێت دوا هەمین بریاربێت کە هیچت بۆ نەکرا، هەموو ئامانجەکەت ئەوە بێت ببیت بە پەیامنێرێکی سیاسیی و لە فەیسبوکەکەتەوە بڵێی کارەبا گران بوو، نەوت وای لێهات، فڵان بار دزرا، مووچە نەهات. هەڵبەت بە تەوازووعەوە دەڵێم کە ئێن ئارتی زۆر باشتر لەو حزبانە ئەمە دەکات".
وتوشیەتی، "ئێمە پێشتر بە خۆپیشاندان، بە تەنکەرە ئاو، بە دابەشکردنی نەوت و بەنزین و چاککردنەوەی تونێل و پرد و ڕێگاوبان، بە بە شەری ناو پەرلەمان، بە سکاڵا لە دادگای فیدراڵیی عێراق، بە پەیوەندیەکانمان لە بەغدا دۆخی کوردستانمان گۆریوە و ئەو یاسای هەڵبژاردنەمان گۆری. ئێستا برادەرانی یەکێتی هاتوون دەڵێن با پێکەوە باڵانسی هێز و حوکمڕانیی راستبکەینەوە و ئەو داواکاریانە لە پەرلەمانەوە پێکەوە دەیچەسپێنین، بڵێم وەڵا نامانەوێت و هەر لە فەیسبوک هاوار دەکەم؟ ئاخر کەسێک کەمێک ئاقڵ بێت شتی وا دەڵێت؟".
PM:01:25:19/02/2026
ئهم بابهته 260
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت