فەرمانگەی تەکنۆلۆژیای زانیاری: تیمەکانمان هێرشێکی گەورەی ئەلیکترۆنییان بۆ سەر پۆرتالی رووناکی پووچەڵ کردووەتەوە


وێستگەنیوز-

فەرمانگەی تەکنۆلۆژیای زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاند، تیمەکانیان توانیویانە هێرشێکی ئەلیکترۆنیی گەورە و هاوئاهەنگیکراوی جۆری (DDoS) بۆ سەر پۆرتالی خزمەتگوزاریی رووناکی پووچەڵ بکەنەوە، کە لە رۆژانی 15 و 16ی ئەم مانگە کراوە.


بەپێی زانیارییەکان، هێرشەکە پێکهاتبوو لە نزیكەی 10 شەپۆلی یەک لەدوای یەک کە هەر شەپۆلێک قەبارەی داتاکەی گەیشتووەتە نزیكەی 180 گێگابایت لە چرکەیەکدا، ئەم هێرشە لە رێگەی هەزاران ئایپی (IP)ی جیاواز لە سەرانسەری جیهاندا و ملیۆنان داواکاریی ئۆتۆماتیکییەوە (Automated Requests) کراوە.

فەرمانگەکە ئاماژەی بەوە کردووە، دەستبەجێ سیستمی وەڵامدانەوەی رووداوەکانیان (Incident Response) کارا کردووە و بەرگرییەکی "فرەچین"یان جێبەجێ کردووە، کە پێکهاتبوو لە:

- دەستنیشانکردن و پاڵاوتنی هێرشەکان بە شێوەی راستەوخۆ.
- سنووردارکردنی رێژەی داواکارییەکان.
- کۆنترۆڵکردنی جوگرافیی سەرچاوەی هێرشەکان.
- هاوئاهەنگی لەگەڵ دابینکەرانی ئینتەرنێت (ISP) بۆ بلۆککردنی هێرشەکان لە سەرچاوەوە.
- گواستنەوەی خزمەتگوزارییەکە بۆ پارێزەری هەوری (Cloud DDoS Protection) و گۆڕینی ئایپیی گشتی.

فەرمانگەی تەکنۆلۆژیای زانیاری دڵنیایی داوە کە بەهۆی ئەم رێوشوێنانەوە، پۆرتالی رووناکی لە کار نەکەوتووە و خزمەتگوزارییەکانی بەردەوام بوون.


AM:09:26:19/02/2026


ئه‌م بابه‌ته 260 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو