مەسعود بارزانی: پێویستە حکومەتی داهاتووی عێراق كۆتایی بەو مامەڵە نابەجێیە بهێنێت كە لەگەڵ گەلی كوردستان دەیکات
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ چوارشەممە 18ی شوباتی 2026، مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پیرمام پێشوازی لە جۆشوا هاریس، هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عێراق كرد.
بارەگای بارزانی بڵاویکردەوە، لە دیدارەكەدا هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عێراق جەختی لەوە كردەوە، ئەمریكا پاڵپشتی هەرێمی كوردستانە لە چوارچێوەی عێراقدا، هەروەها بە چاوی رێزەوە سەیری رۆڵی مەسعود بارزانی لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق کرد هەر لە 2003 هەتا ئێستا و لە داهاتووی پڕۆسەی سیاسیی عێراقیشدا.
هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، وڵاتەكەی خوازیاری شەراكەتی ستراتیژییە لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان و پێویستە عێراق خاوەنی بڕیاری خۆی بێت و بەرژەوەندییەكانی لەسەرووی بەرژەوەندییەكانی تر بێت بۆ ئەوەی ئەمریكا بتوانێ پەرە بە پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ عێراق بدات.
هەر لەو دیدارەدا مەسعود بارزانی جەختی كردەوە، كە هەمیشە خوازیاری ئەوە بوونە لە عێراقدا یاسا و دەستوور باڵادەست بن و هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان بنەمای سەرەكیی پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا بێت.
سەرۆکی پارتی بە گرنگیشی زانی لە حكومەتی داهاتووی عێراقدا رەچاوی ئەو سێ بنەمایە بكرێن و دەستوور جێبەجێ بكرێت و كۆتایی بەو مامەڵە نابەجێیە بهێندرێت كە لەگەڵ گەلی كوردستان لەسەر بابەتی بودجە و بابەتەكانی تر دەكرێت، هەروەها ئەوەشی خستەڕوو كە پێویستە عێراق خاوەنی بڕیاری خۆی بێت و پەیوەندییەكی هاوسەنگی لەگەڵ دراوسێكانیدا هەبێت.
بارودۆخی سوریا و پڕۆسەی سیاسیی هەرێم تەوەری تری ئەو دیدارە بوون.
PM:02:50:18/02/2026
ئهم بابهته 276
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت