"(100) كورسی خوێندنی ماسته‌ر و دكتۆرا له زانكۆكانی ناوه‌ڕاست و باشوری عێراق بۆ هه‌رێم دابینده‌كرێت"
وێستگه‌نیوز –
وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا‌و توێژینه‌وه‌ی زانستی هه‌رێمی كوردستان له راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه له چواچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی به‌رده‌وامی نێوان وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا‌و توێژینه‌وه‌ی زانستی عێراقی فیدراڵ و هه‌رێم، وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا‌و توێژینه‌وه‌ی زانستی عێراقی فیدراڵ بۆ ساڵی دووه‌م (100) كورسی خوێندنی باڵا/ ماسته‌ر و دكتۆرا له ژماره‌یه‌ك له زانكۆكانی ناوه‌ڕاست و باشووری عێراق (به شێوازی خۆڕایی) بۆ پێشكه‌شكارانی هه‌رێمی كوردستان بۆ ساڵی خوێندنی (2026-2027) دابینده‌كات.
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی هه‌رێمی كوردستان ئاگاداری گشت پێشكه‌شكارانی دانه‌مه‌رزاو و فه‌رمانبه‌ری دامه‌زراو به شێوه‌ی هه‌میشه‌یی له‌سه‌ر میلاكی داموده‌زگاكانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كاته‌وه كه پڕۆسه‌ی پێشكه‌شكردن له ڕێكه‌وتی (3/ 5/ 2026) ده‌ستپێده‌كات تاكو رێكه‌وتی (11/ 6/ 2026) به‌رده‌وام ده‌بێت.
بۆ زانیاری ده‌رباره‌ی مه‌رجه‌كانی پێشكه‌شكردن بۆ خوێندنی ماسته‌ر و دكتۆرا له زانكۆكانی عێراق سه‌ردانی ئه‌م لینكه بكه‌ن;
https://mohesr.gov.iq/.../img/uploaded_files/17022026.pdf
ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو كه پڕۆسه‌ی پێشكه‌شكردن (به‌شێوه‌ی پێشكه‌شكردنی دۆسیه‌ی راسته‌وخۆ) له زانكۆكانی هاوپێچدا ده‌بێت و به‌پێی نووسراوی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی عێراقی فیدراڵ، له كاتی ده‌رچون له تاقیكردنه‌وه‌كه پێشكه‌شكاران به ته‌نها له نێوان خۆیان پێشبركێ ده‌كه‌ن له‌سه‌ر كورسیه ته‌رخانكراوه‌كانیان.
راشیگه‌یاندووه كه "سه‌باره‌ت به پێدانی نوسراوی لاری نه‌بوون راسته‌وخۆ له لایه‌ن دامه‌زراوه‌كان به فه‌رمانبه‌رانی دامه‌زراو بۆ پێشكه‌شكردن له (خوێندنی باڵا/ ماسته‌ر و دكتۆرا) له زانكۆكانی هاتووی خشته‌كه به‌چه‌ند مه‌رجێك لاری نه‌بوون ده‌درێت، له‌وانه پێویسته خوازیار گشت مه‌رجه‌كانی پێدانی مۆڵه‌تی خوێندن و پێشكه‌شكردنی تێدا هه‌بێت، به‌پێی په‌یڕه‌وی ژماره (11) ی ساڵی 2021 و ڕێنمایی ژماره (5) ی ساڵی (2021) مۆڵه‌تی خوێندن له هه‌رێمی كوردستان، هه‌روه‌ها خوازیار به‌ڵێننامه له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی یاسایی دامه‌زراوه‌كه‌ی پڕ ده‌كاته‌وه كه داوای گواستنه‌وه و میوانداری بۆ زانكۆكانی هه‌رێم ناكات".
PM:08:30:17/02/2026
ئه‌م بابه‌ته 324
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت