ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بۆ تاوتوێکردنی چەند پرسێک کۆدەبێتەوە
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ چوارشەممە 11ى شوباتی 2026، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران کۆدەبێتەوە.
بەپێی ئەو کارنامەیەی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە،
لە کۆبوونەوەکەدا سێ تەوەری سەرەکی گفتوگۆ دەکرێن:
تەوەری یەکەمی کۆبوونەوەکە بریتییە لە، بابەتی سەرژمێریی دانیشتووانی عێراق کە لە ڕۆژانی 20 و 21ی تشرینی دووەمی ساڵی 2024 ئەنجام درا و بەگوێرەی ڕاگەیاندراوی فەرمیی ئەنجامی سەرژمێرییەکە، ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان (جگە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم) بەفەرمی بە ڕێژەی 14.1% دەستنیشان کرا، بەدواداچوونی ئەنجومەنی وەزیران بۆ پابەندکردنی حکومەتی فیدراڵی بە ئەنجامی سەرژمێرییەکە بۆ مەبەستی دەستنیشانکردنی بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان، ئەمە سەرەڕای جەختکردنەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر جێبەجێکردنی ڕێککەوتنامەی پێشوەختەی نێوان هەردوو حکومەت بەگوێرەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ.
تەوەرى دووەم تایبەتە بە، پەسەندکردنی کۆنووسی هاوبەشی نێوان وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان و دەزگای زیندانییانی سیاسیی عێراق لە ڕێکەوتی 27ی تشرینی دووەمی 2025 کە لەنێوان هەردوولا ئیمزاکرا لەبەر ڕۆشنایی ڕەزامەندیی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران بە نووسراوی ژمارە (5423) لە 12ی تشرینی دووەمی 2024 تایبەت بە یەکخستن و گواستنەوەی دۆسیەی زیندانیان و گیراوانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان بۆ دەزگای ناوبراو پشتبەست بە مادەی (132)ی دەستوور و یاسای ژمارە (10)ی ساڵی 2025.
لە تەوەرى سێیەمدا بڕیاردان لەسەر پێشنیازی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی تایبەت بە پارەی بەشەخۆراکی مانگانەی هاوڵاتییان کە لەلایەن وەزارەتی بازرگانیی فیدراڵییەوە دابین دەکرێت، لە چوارچێوەی خەرجیی (النفقات الحاکمة) و چارەسەرکردنی پارەی کەڵەکەبووی پێشوو بۆ ساڵانی (2004-2022) گفتوگۆ دەکرێت.
AM:09:23:11/02/2026
ئهم بابهته 172
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت