هاوکاری و كۆمەكەكانی کەمپینی گەرمیان رەوانەى رۆژئاواى کوردستان کرا
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ یەكشەممە 8ی شوباتی 2026 لە دیوانی ئیدارەی گەرمیانەوە ئەو کۆمەک و هاوکارییانەی لە کەمپینی گەرمیان کۆکرایەوە، رەوانەی رۆژئاوای کوردستان کرا.
ئیدارەی گەرمیان لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لە میانی بەڕێکردنی هاوکارییەکان و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوایدا بە ئامادەبوونى جێگرانى سەرپەرشتیار و ستافى کەمپینەکە، جەلال شێخ نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، ئەوەی خستەڕوو، لەگەڵ ئەو هێرشانەی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان دەستیپێکرد، ئیدارەی گەرمیان بە بەشداری بەڵێندران و بازرگانان و سەرمایەدار و چین و توێژەکانی تر کەمپینی گەرمیان بۆ رۆژاوای کوردستان راگەیاند و بۆ ماوەى هەفتەيەک بەردەوام بوو.
وتیشی، لە کەمپینەکەدا، 18 بارهەڵگرى گەورە شمەک و پێداویستى کۆکراوەتەوە و لەو ژمارەیە یەک بارهەڵگریان لە قەزاى کفرى و یەک بارهەڵگرى ترى لە قەزاى رزگارییەوە هاتووە.
راشیەگەیاند: ئەو شماک و پێداویستیانەى کۆکراونەتەوە پێکدەێت لە (206 تەن ئارد و برنج و رۆن و خۆراکی دیکە)، (4 هەزار و 504) پاکێجی ئامادەکراو کە خۆراکی جۆراوجۆری تێدایە، (زیاتر لە 5 هەزار دۆشەک و بەتانی و سەرین) لەگەڵ (34 بالە جلوبەرگ)، و (2 هەزار و 890 بەستە و کارتۆن دایبی منداڵ، 13 کارتۆن شیر)، لەگەڵ (673 کارتۆن دەرمانی پزیشکی) و (500 کارتۆن چای) و چەندین پێداویستی تر.
سەرپەرشتیارى ئیدارەى گەرمیان ئەوەشى خستەڕوو، لە کەمپینەکەدا، بڕی 202 ملیۆن دینار و 15 هەزار دۆلار بۆ رۆژئاوا کۆکراونەتەوە و بەو پارەیەش خۆراک و پێداویستى کڕدراوە بۆ رۆژئاوا هەروەها کرێی بارهەڵگرەکان و خەرجیەکانى کەمپین لەو بڕە پارەیە دەرکراوە.
بەپێی راگەیەندراوەكە سەرپەرشتیارى ئیدارەى گەرمیان سوپاسى بەڵێندەران و بازرگانان و سەرمایەداران و وەبەرهێنەران و قوتابخانە ئەهلى و حکومیەکان و دەرمانخانە و نەخۆشخانە ئەهلیەکان و سەرجەم کاسبکاران، لایەنە سیاسیەکان، رێکخراوەکان، سەرجەم دامودەزگاکانی حکومەت، مامۆستایانی ئاینی، سەندیکای کارمەندان و کەناڵەکانی راگەیاندن و سەرجەم چین و توێژەکانى لەپاى بەدەمەوەهاتنیان بۆ کەمپینەکە و بەخشینى هاوکارییەکان.
PM:12:02:08/02/2026
ئهم بابهته 100
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت