ئیدارەی کەرکوک بڕیاری داخستنی رێڕەوە نایاساییەکانی دەرکرد


وێستگەنیوز-

ئیدارەی پارێزگای کەرکوک رایدەگەیەنێت لە پێناو پاراستنی تەندروستیی گشتی و رێگریکردن لە هاوردەکردنی کاڵای بێ کوالێتی، بڕیاری داخستنی سەرجەم توولەڕێ و رێڕەوە نایاساییەکانیان دەرکرد کە بۆ کاری قاچاخچێتی بەکاردەهێنران.


ئەمڕۆ شەممە 7ی شوباتی 2026، رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکوک راگەیەندراوێکی بڵاوکردوەتەوە کە تیادا هاتووە، "ئیدارەی شارەکە هەڵدەستن بە داخستنی تەواوی تولەرێگاکان، بە مەبەستی رێگریکردن لە هاوردەکردنی کاڵای بێ کوالێتی".

ئاماژە بەوەکراوە، "ئەم هەنگاوە وەک بەرپرسیارێتییەک دێت بۆ رێگریکردن لە هاتنەژورەوەی مادە و خواردنی ماوەبەسەرچوو، کە زیان بە ئاسایشی خۆراک و دەرمانی هاوڵاتییان دەگەیەنن، بە تایبەت کە نزیک دەبینەوە لە مانگی رەمەزان".

هاوکات هۆشدارییەکی تووند ئاراستەی بازرگانان و قاچاخچییەکان کراوە، کە لە ئەگەری ئەنجامدانی هەر سەرپێچییەک، تووندترین سزای یاساییان بەبێ هیچ چاوپۆشییەک بەسەردا دەسەپێنرێت، چونکە پاراستنی سەلامەتی کۆمەڵگە لە پێشینەی کارەکانی دەسەڵاتدارانی شارەکەیە و رێگە نادرێت بەرژەوەندی گشتی ببێتە قوربانی چاوچنۆکیی چەند کەسێک.


PM:08:23:07/02/2026


ئه‌م بابه‌ته 264 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت