مەسعود بارزانی: پشتگیری لە رێككەوتنی نێوان حكومەتی سوریا و هەسەدە دەكەین


وێستگەنیوز-

مەسعود بارزانی سەرۆكى پارتی دیموكراتی كوردستان پشتگیری خۆی بۆ رێككەوتنی نێوان حكومەتی سوریا و هەسەدە دووپاتكردەوە.


بارەگای بارزانی لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، پێشنیوەڕۆی رۆژی هەینی 6ی شوباتی 2026 لە پیرمام مەسعود بارزانی پێشوازی لە ژۆن نوێل بارۆ وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا كرد.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، لە دیدارەكەدا كە پاتریك دورێل باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق و یان برێم كونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە هەولێر ئامادەی بوو، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا بە بارزانی ڕاگەیاند كە سەرۆكى فەڕەنسا سڵاوی تایبەتی هەبووە و جەختی لە پەیوەندی و دۆستایەتی دوولایەنە و پاڵپشتیكردنی گەلی كوردستان كردووەتەوە، هەروەها خۆشحاڵیی خۆی بۆ سەردانی بۆ كوردستان و دیداری لەگەڵ بارزانی دەربڕی بە ئامانجی لەنزیكەوە ئاگاداربوون لە ڕەوشی سیاسیی ناوچەكە و ڕاوێژ لەگەڵ سەركردەكانی ناوچەكە بۆ گەیشتن بە چارەسەری گونجاو بۆ گرفتەكانی ناوچەكە.

ئاماژەشیكرد، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ئاماژەی بە هەوڵە بەردەوامەكانی ماكرۆن و بارزانی دا لە هاندانی لایەنەكان بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتن لە سوریا و ئەو هەوڵانەی بەرز نرخاند، پێزانینیشی بۆ ڕۆڵ و پێگەی بارزانی هەبوو لە چارەسەركردنی كێشەكان لە عێراق و ناوچەكە.

وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ڕۆشنایی خستەسەر پەیوەندییە مێژووییەكانی فەڕەنسا و گەلی كوردستان و نامەیەكی مەلا مستەفا بارزانی پێشكەشی مەسعود بارزانی كرد كە لە ساڵی 1967 لە لایەن مەلا مستەفا بارزانی بۆ ژەنەڕاڵ دیگۆل سەرۆكی فەڕەنسا نێردرابوو و لە ئەرشیڤی وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسادا هەڵگیرابوو و، مەسعود بارزانی سوپاسی وەزیری دەرەوەی فەڕەنسای كرد و ئەو نامەیەی بە بەڵگەیەكی پڕبەها وەسف كرد كە سەلمێنەری پەیوەندی و دۆستایەتی لەمێژینەی گەلی كوردستان و گەلی فەڕەنسایە.

هەر لەو دیدارەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و سوریا و پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا و پڕۆسەی سیاسی عێراق و هەرێم ئاڵوگۆڕ كرا و بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە خوازیاری ئەوەن سەرجەم كێشە و گرفتەكانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ڕێگەی ئاشتیانە بگاتە چارەسەر و ناوچەكە سەقامگیری بەخۆیەوە ببینێت.

بارزانی ئاماژەی بە پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا دا و هیوای خواست كە پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا بە ڕێگەی دیالۆگ بگاتە ئەنجام و هەمیشە پشتیوانی ئەو پڕۆسەیە بوونە.

سەبارەت بە ڕۆژئاوا بارزانی هێمای بەوە دا كە هەموو هەوڵی خۆی بەكار هێنا بۆ ئەوەی ڕێگری بكرێت لەوەی ناكۆكی سیاسی بكرێتە شەڕی نەتەوەیی نێوان كورد و عەرەب و هەروەها ڕێگری لەوە بكرێت كە پاكتاوی ڕەگەزی لەدژی گەلی كورد لە سووریا ڕوو بدات.

جەختیشی لەوە كردەوە كە پشتگیری لە ڕێككەوتنی نێوان حكوومەتی سوریا و هەسەدە دەكەین و هیوای خواست كە ئەو ڕێككەوتنە ببێتە بنەمایەك بۆ سەقامگیری و چارەسەری كێشەكان لەو قۆناغە.

لەبارەی مەترسیی سەرهەڵدانەوەی تیرۆر بارزانی ئەوەی خستەڕوو كە مەترسی بەهێزبوونەوەی داعش لەئارادایە و پێویستە میكانیزمێكی گونجاو و هەماهەنگیی لەنێوان لایەنەكان هەبێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی تیرۆر و داعش.

لە بەشێكی تری ئەو دیدارەدا بارزانی سوپاسی فەڕەنسای كرد كە هەردەم لە كاتە سەختەكاندا پاڵپشتی گەلی كوردستان بووە.

بەپێی راگەیەندراوەكە وەزیری دەرەوەی فەڕەنساش جەختی لەوە كردەوە كە وڵاتەكەی هەمیشە سۆزێكی تایبەتی بۆ دۆزی گەلی كوردستان هەبووە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پاڵپشتی ئەوەیە گەلی كوردستان بە ڕێگەی ئاشتیانە بە مافەكانی خۆی شاد ببێت و هەروەها وڵاتەكەی لەگەڵ پاراستنی هەرێمی كوردستان و بەردەوامیی هەرێمی كوردستانێكی بەهێز دایە.


PM:12:42:06/02/2026


ئه‌م بابه‌ته 80 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت