مەسەدە: رێککەوتنی نێوان هەسەدە و حکومەتی سوریا زەمینەسازی بۆ قۆناغێکی نوێی سیاسی دەکات


وێستگەنیوز-

ئەنجومەنی سوریای دیموکرات "مەسەدە"، رێککەوتنی ئەم دواییەی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات "هەسەدە" و حکومەتی کاتیی سوریا بە هەنگاوێکی گرنگ ناودەبات.


ئەمڕۆ شەممە 31ی کانونی دووەمی 2026، ئەنجومەنی سوریای دیموکرات "مەسەدە" لەبارەی رێککەوتنی نێوان حکومەتی سوریا و هەسەدە رایگەیاند، "ئەم رێککەوتنە بەشێکە لە هەوڵەکان بۆ رێگریکردن لە پەرەسەندنی دۆخەکە بەرەو کێشەی زیاتر و زەمینەسازی دەکات بۆ قۆناغێکی سیاسیی نوێ".

ئاماژە بەوەکراوە، "سەرکەوتنی هەر لێکتێگەیشتنێکی ئەمنی و سیاسی، بەندە بە پابەندبوونی کردەیی بە پاراستنی خەڵکی مەدەنی، مسۆگەرکردنی مافەکان و گەڕانەوەی ئارام و سەربەرزانەی ئاوارەکان".

مەسەدەبە تووندی دژایەتی خۆی بۆ بەکارهێنانی هێزی سەربازی بۆ یەکلاکردنەوەی کێشە سیاسییەکان دەربڕیوە و ئاماژەی بەوەداە، "ئەو ئاڵۆزییانەی لە ناوچە کەناراوییەکانی سوریا ، سوەیدا و باکووری رۆژهەڵاتی سوریا روویانداوە، دەرخەری ئەو راستییەن کە رێککەوتنی کاتی و بەشەکی بەس نین و دەبێت کار بۆ چارەسەری ریشەیی و قۆناغی گواستنەوەی بەرپرسیارانە بکرێت بۆ رێگریکردن لە گەڕانەوەی ستەمکاری".

هەروەها مەسەدە داوا دەکات متمانە لەنێوان پێکهاتەکانی گەلی سوریا بنیات بنرێتەوە و هاوبەشی عەرەبی-کوردی بەهێزتر بکرێت، هەروەها جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەمڕۆ سوریا لە قۆناغێکی وەرچەرخاندایە و پێویستە هێزە مەدەنی و سیاسییەکان رۆڵی سەرەکی بگێڕن لە پاراستنی یەکێتیی وڵات و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.


PM:08:54:31/01/2026


ئه‌م بابه‌ته 100 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو