لە بەغدا وردبینی لە لیستی مووچەی مانگی یەکی فەرمانبەرانی هەرێم دەستیپێکرد
وێستگەنیوز-
لە بەغدا وردبینی لە لیستی مووچەی مانگی یەکی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و لەچەند رۆژی داهاتوو تەواو دەبێت، هاوکات لە هەولێر کارکردن لە ئامادەکردنی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی یەک بەردەوامە.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بە میدیای پارتی راگەیاندووە، "وردبینی دەستیپێکردووە و لەماوەی چەند رۆژێکدا تەواو دەبێت، ئێستا کار لە ئامادەکردنی تەرازووی پێداچونەوە (میزان موراجەعە)ی مانگی یەک دەکەین و بە ئەگەری زۆرەوە هەفتەی داهاتوو ئامادە دەبێت".
ماوەی دوو ڕۆژە تیمی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، لیستی مووچەی بردووەتە بەغدا و رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کراوە، لە فەرمانگەی ژمێریاریی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵی وردبینی بۆ دەکرێت.
لە عێراق دابەشكردنی مووچەی مانگی یەک بەر لە هەفتەیەک دەستیپێكردووە، بەڵام تائێستا تەنیا مووچەی دەزگا سەربازی و بەشێكی دەزگا ئەمنییەكان دابەشكراون، دواكەوتنی مووچە لە عێراق پەیوەندی هەیە بە ئەنجامدانی چەند رێكارێكی دارایی و كارگێڕی و تەواوكردنی قۆناغی كۆتایی تۆماركردنی ناوی فەرمانبەران و خانەنشینانی نوێ لە سیستەمی پەیڕۆڵ.
AM:09:30:29/01/2026
ئهم بابهته 216
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت