فەرهاد شامی: هەڵوێستی گەلی کورد لە رۆژئاوا و باشووری کوردستان و ئەوروپا، دەتوانێت ئاراستەی رووداوەکانی ئەم قۆناغە هەستیارە بگۆڕێت


وێستگەنیوز-

بەرپرسی ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات "هەسەدە" رایدەگەیەنێت، گفتوگۆ و دانوستانەکان لە دیمەشق بە چاودێرییەکی نێودەوڵەتی بەڕێوە دەچن، ئاماژە بەوەشدەکات، ئەگەر هەوڵە دیپلۆماسییەکان شکستی هێنا، یەک هەنگاو پاشەکشە ناکەن.


ئەمڕۆ چوارشەممە 28ی کانوونی دووەمی 2026، فەرهاد شامی، بەرپرسی ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کەناڵی (روناهی) رایگەیاند، "دانوستانەکان لەگەڵ حکومەتی دیمەشق بە چاودێریی لایەنی نێودەوڵەتی بەڕێوەدەچن".

ئاماژەی بەوەکرد، "هەڵوێستی گەلی کورد لە رۆژئاوای کوردستان، باشووری کوردستان و ئەوروپا، رۆڵێکی یەکلاکەرەوەی هەیە و دەتوانێت ئاراستە و رەوتی رووداوەکانی ئەم قۆناغە هەستیارە بگۆڕێت. مانەوەی خەڵک لە گۆڕەپانەکان و پشتیوانیکردنیان بۆ بەرخودان، زامنی تێپەڕاندنی ئەم دۆخەیە بە سەلامەتی".

فەرهام شامی وتی، "ئێمە هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی رێگەچارەی دیپلۆماسی سەرکەوتوو بێت، دانوستانەکان لە دیمەشق بە چاودێریی نێودەوڵەتی بەڕێوەدەچن و لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەنجامەکان بۆ گەلەکەمان ئاشکرا دەکەین، بەڵام ئەگەر دیپلۆماسی سەرکەوتوو نەبێت، ئەوا بە هیچ شێوەیەک ئامادەنین تەنانەت یەک هەنگاویش بۆ دواوە ناگەڕێینەوە".

وتیشی، "ئەگەر دوژمن بڕیار بدات دەست بە هێرش بکاتەوە، ئێمە تەنیا بەرگری ناکەین، بەڵکو شەڕ دەکەین و هەنگاوی گەورە و ستراتیژی دەنێین".

فەرهاد شامی دڵنیایی دایە خەڵکی رۆژئاوای کوردستان کە ئەم خەباتە بە سەرکەوتن تاجدار دەکرێت و داوای لێکردن متمانەیان بە هێزەکانی خۆیان هەبێت و نەبنە ئامرازی دەستی پڕوپاگەندە و شەڕی دەروونیی دوژمن.


PM:08:58:28/01/2026


ئه‌م بابه‌ته 120 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو