فوئاد حسێن: پەرلەمانی عێراق بڕیار دەدات کێ دەبێتە سەرۆک کۆمار


وێستگەنیوز-

وەزیری دەرەوەی عێراق رایدەگەیەنێت، پارتی و یەکێتی لەبارەی کاندیدێکی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق نەگەیشتوونەتە رێککەوتن، ئاماژە بەوەشدەکات، بابەتی زیندانیانی داعش پرسێکی ستراتیژییە و راستەوخۆ بە ئاسایشی نیشتمانیی عێراقەوە گرێدراوە.


ئەمڕۆ یەکشەممە 25ی کانونی دووەمی 2026، فوئاد حسێن، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، "پارتی و یەکێتی لەبارەی کاندیدێکی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق نەگەیشتوونەتە رێککەوتن، لیستی کۆتایی کاندیدان 18 کەسی لەخۆدەگرێت، و لە کۆتاییدا پەرلەمانی عێراق بڕیار دەدات کە لەنێوان ئەو کاندیدانەدا کێ بۆ ئەو پۆستە هەڵدەبژێرێت".

ئاماژەی بەوەکرد، "بابەتی زیندانیانی داعش پرسێکی ستراتیژییە و راستەوخۆ بە ئاسایشی نیشتمانیی عێراقەوە گرێدراوە، بەتایبەت کە زۆربەی ئەو زیندانیانە سەرکردەی مەترسیدارن"".

فوئاد حسێن وتی، "حکومەتی عێراق لەگەڵ لایەنی سووری گەیشتووەتە رێککەوتن بۆ وەرگرتنەوەی تەنیا ئەو چەکدارانەی کە رەگەزنامەی عێراقییان هەیە".

وتیشی، "ئێمە ئامادەین بۆ وەرگرتنەوەیان، بەڵام تێبینیمان هەیە و داوامان لە یەکێتی ئەوروپا و ئەمریکا کردووە کە بەرپرسیارێتیی گواستنەوە و تێچووی دارایی ئەم پڕۆسەیە لە ئەستۆ بگرن، هەروەها پێویستە رێکاری تووند بگیرێتەبەر بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو زیندانانە و رێگریکردن لە هەر هەوڵێکی هەڵاتنی چەکدارانی داعش".

وەزیری دەرەوەی عێراق دڵنیایی دا کە ئامادەکارییەکی چڕوپڕ لەسەر سنوورەکانی عێراق و سوریا کراوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر جووڵەیەکی پەیوەندیدار بە رێکخراوی داعش و پاراستنی سەروەریی خاکی عێراق.


PM:02:27:25/01/2026


ئه‌م بابه‌ته 308 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو