قوباد تاڵەبانی بۆ نوری مالیکی: پێویستە هەموو لایەنە عێراقییەکان پێکەوە هاوکار بن بۆ پێکهێنانی حکومەتێک کە بتوانێت سەقامگیری عێراق بپارێزێت
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ شەممە 24ی کانونی دووەمی 2026، لە بەردەوامی کۆبوونەوەکانیدا لە بەغدا، شاندی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی و لەگەڵ نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا کۆبووەوە.
بەپێی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە بێت، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی دۆخی سیاسی عێراق و چۆنییەتی بەرەوپێشچوونی گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێ کرا، شاندی یەکێتی دید و روانینی یەکێتی بۆ داهاتووی عێراق و حکومەتی نوێ خستەڕوو.
قوباد تاڵەبانی بە ئاماژەدان بە کێشە و تەحەداکانی بەردەم عێراق و دۆخی ئابووری و کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، روونی کردەوە، "پێویستە هەموو لایەنە عێراقییەکان پێکەوە هاوکار و هەماهەنگ بن بۆ پێکهێنانی حکومەتێک کە لە ئاست قۆناغەدا بێت و بتوانێت سەقامگیری عێراق بپارێزێت و لەڕووی خزمەتگوزاری و گەشەپێدانی ئابووریشەوە هەنگاوی گەورە بنێت".
جەختیشی کردەوە، "دەبێت حکومەتی داهاتوو کێشەکانی هەرێم و بەغدا بەپێی دەستوور چارەسەر بکات و هەرێم و بەغدا پێکەوە هاوکاربن بۆ گەشەپێدانی ئابووری و باشترکردنی دۆخی خزمەتگوزاری و ژیان و گوزەرانی هاوڵاتییان".
PM:07:29:24/01/2026
ئهم بابهته 136
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت