عەبدوڵڵا حاجی مەحمود: گەلی کوردستان هەر بە زیندوویی دەمێنێتەوە
وێستگەنیوز-
رێکخەری گشتی بزووتنەوەی سۆسیالیستی کوردستانی عێراق رایدەگەیەنێت، گەلی کوردستان هەر بە زیندوویی دەمێنێتەوە، ئاماژە بەوەشدەکات، خەباتی ڕەوای گەلی کوردستانیش سەردەکەوێت.
عەبدوڵڵا حاجی مەحمود، رێکخەری گشتی بزووتنەوەی سۆسیالیستی کوردستانی عێراق لە پەیامێکدا رایگەیاند، "لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کورد زیاتر لە 40 ملیۆن مرۆڤە، لە رابردوودا بە درێژایی مێژوو هەموو رێگایەک بەرامبەری گیرایە بەر وبەپلان، بەمەبەستی لەناوبردنی زمان و کلتور و گۆرینی دیموگرافیای کوردستان، دواتر جینۆسایدکردنی خاک و خەڵکەکەی".
ئاماژەی بەوەکردووە، "دەرئەنجام دوژمنان جگە لە " شکست و تۆمارکردنی مێژووییەکی قێزەون " هیچی تریان دەست نەکەوت، سەرەڕای ئەمانە کورد و کوردستان بە زیندووی مایەوە، ئەنجامدەرانی تاوانەکان لە بەرامبەر گەلی خۆڕاگر لە تەواوی کوردستان هەندێکیان هەڵهاتن و زۆربەشیان بەرناڕەزایی جەماوەر کەوتن و رووبەڕووی سزای یاسایی بوونەوە".
عەبدوڵڵا حاجی مەحمود دەڵێت، "وادەبینین بۆ رزگاربوونی ئاڵێنگارییەکان لەو وڵاتانەی کوردی لێیە، پێویستە ئەو دەوڵەتانە دۆسیەی کورد و تەواوی پێکهاتەکان لەرووی سیاسی و ستراتیژییەوە لە ناو دەستوور جێبکەنەوە، بە باوەڕی تەواوی پێکەوەژیان لەسەر بنەمای یاسایی بۆ ڕوئیای دەوڵەتداری بە گفتوگۆ و بەشێوازێکی ئاشتیانە کێشەکان چارەسەر بکەن".
دەشڵێت، "بەپێچەوانەوە کێشەکان قوڵتر و ئاڵۆزتر دەبن و خەبات و تێکۆشان بۆ بەدەستهێنانی ئازادی سیاسی و مافی نەتەوەیی لەو وڵاتانەی کوردی لێیە بەردەوام دەبێت و خەباتی رەوای گەلی کوردستانیش سەردەکەوێت".
AM:09:37:22/01/2026
ئهم بابهته 192
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت