عەمید سەرحەد قادر: کورد هەمیشە لەلایەن دۆست و هاوپەیمانەکانییەوە خیانەتی لێکراوە
وێستگەنیوز-
عەمید سەرحەد قادر، بەڕێوەبەری پێشوی پۆلیسی قەزاو ناحیەکانی کەرکوک لەبارەی رۆژئاوای کوردستانەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "یەکەم جار نییە كه كورد خيانەتی لێکراوە".
عەمید سەرحەد قادر رایگەیاند، "ئەم دۆخەی لە ڕۆژئاوا روویدا یەکەم جار نییە كه كورد خيانەتی لێکراوە لەلایەن دۆست و هاوپەیمانەکانمانەوە پێش رووخانی رژێم وڵاتانی ئەورپا و ئەمریکا و رووسیا پشتگیری حکومەتی بەعسیان دەکرد دژی کورد، بەڵام ئێمە ماین و بەعس لەناوچوو، هەمان شێوە لە شۆرشی ئەیلول خیانەتی نێودەوڵەتیمان لێکراو ئێمە هەرماین و دوژمنەکانمان لەناو چوون چەندین ڕووداوی هاوشێوە بەسەر ئەم میلەتەدا هاتووە، بەڵام دەبێت ئەمجارەیان کورد هەڵوێستە لەسەر رووداوەکانی رۆژئاوا بکات و پەندی لێوەربگرێت هیچ دوو دڵیەک نەمان کە وڵاتانی زل هێز بەرژەوندی خۆیان لەسەر هەموو شتێکەوەیە ئێمە دەبێت ئەوەمان لاڕوون بێت تەنها و تەنها دەتوانین لەیەکگرتندا مافەکانمان دەستەبەر بکەین".
ئاماژەی بەوەکردووە، "دوای بەهاری عەرەبی و هاتنە پێشەوەی دەرفەت بۆ کورد لە رۆژئاوا و ئازادکردنی ناوچە کوردییەکان، کورد توانی خۆبەڕێوەبردنێک بۆخۆی بنیات بنێت، لەگەڵ هاتنی داعشدا کورد لە ڕۆژئاوا 15 ساڵ شەڕی دەوڵەتی بەناو ئیسلامی و هەموو تاقم و گروپە تیرۆرستیەکانیان کرد لەو پێناوەدا هەزاران شەهید و برینداریان بەخشی بۆ دەستەبەرکردنی ئاشتی و پێکەوە ژیان بۆ هەموو پێکهاتەکانی سوریا، بەڵام جێگەی داخەوە وڵاتانی ئەورپاو ئەمریکا پشتیان لە کورد كرد و بەبەرچاوی هەموو دونیاوە ئەو کچ و کوڕە قارەمانانەی دونێ هاوشانی هێزەکانی هاوپەیمانان دژی تیرۆر دەجەنگان ئەمڕۆ لەلایەن هێزە تیرۆرستیەکانی دونێی سوریا کە ئەمڕۆ ناویان لە خۆیان ناوە هێزی سوپای شەرعی سوریا کورد سەردەبڕێت و ماڵی کورد تاڵان دەکرێت، مفتی سوریا بەسورەتی ئەنفال پشتگیری شەرعي ناشرعي دەکات هاوشێوەی سەدام کە بەسورەتی ئەنفال دەیان هەزار کوردی ئەنفال کرد، جێگەی داخە بەبەرچاوی هێزی نێوەدەوڵەی دژی داعش گرتوخانەکانی تیرۆرستان دەشکێنرێن ئاو داعشانە ئازاد دەکرێن کە چەندین ساڵ خەڵکی سیڤل و هێزەکانی هاوپەیمانان و هێزە ئەمنیەکانی ئەو وڵاتەیان تیرۆر دەکرد".
عەمید سەرحەد دەڵێت، "ئەوەی لەڕۆژئاوا ڕوویدا دەتوانم بڵێم هێندە ناخ هەژێن بوو لەهەموو ماڵێکی کوردا لەباشور هەموو پارچەکانی تر پرسەیە".
دەشڵێت، "هەر لێرەشەوە داوا لە سەرۆکی هەرێم دەکەم بەرنامەیەک رێک بخرێت بۆ رۆشتنی ئەوکەسانەی دەیانەوێت بۆ پشتگیری رۆژئاوا بڕۆن چ لەکەسانی سەربازی و سیاسی و رۆژنامەنوسان و هەموو چین و توێژەکان، چونکە ئەوەی دەبینرێت خەریکە ڕۆشتن بۆ رۆژئاوا دەکرێت بە کەرستەی مزایەدە، ئەگەر لەچوار چێوەی بەرنامەو رێنمایدا ڕۆشتن بۆ رۆژئاوا رێکخرا بەندە یەکەم کەس دەبم لەگەڵ براکانم لە رۆژئاوا لەسەنگەری بەرگری شەرفی کورد بوون بەرگری لە کەرامەتی گەلەکەمدا شەهید بکرێم".
PM:11:12:21/01/2026
ئهم بابهته 272
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت