هەموو مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەگەڵ دەستپێشخەرییەکەی شاسوار عەبدولواحیدن
وێستگەنیوز -
سەرکردەیەکی باڵای یەکێتی نیشتیمانی کودستان ئەمڕۆ یەکشەممە 18ی کانونی دووەمی 2026، رایگەیاند، "لەپێناو دروستکردنەوەی باڵانسی هێز لەهەرێمی کوردستان سەرجەم ئەندامانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەگەڵ دەستپێشخەرییەکەی شاسوار عەبدولواحیدن".
سەرچاوەکە بەوێستگەنیوزی ووت، "ئەگەرچی بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕاستەوخۆ دوای چەند دەقەیەکی کەم بەبێ گەڕانەوە بۆ مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەستپێشخەرییەکەی شاسوار عەبدولواحیدی قبوڵکرد کەئاراستەی لایەنە سیاسییەکانی دەرەوەی پارتی کرد، بەڵام ئەندامانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بەدەستپێشخەرییەکی باش و گرنگی پێناسە دەکەن".
سەرچاوەکە ڕاشیگەیاند، "لەماوەیەکی نزیکدا، دەستپێشخەرییەکە دەبێتە نوسراوی فەڕمی و دێتە مەکتەبی سیاسی بەزوویی تێدەپەڕێت و کاری لەسەر دەکرێت".
سەرچاوەکە ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، "مەکتەبی سیاسی یەکێتی پشتگیری هەردوو سەرۆکی یەکێتی و نەوەی نوێ دەکات بۆ دروستکردنەوەی هاوسەنگی هێز لەهەرێمی کوردستان و پێشی باشە لایەنەکانی تریش ئەوانەی خۆیان بەئوپزسیۆن دەزانن بەشداری ئەو پڕۆژەیە بکەن".
رۆژی پێنجشەممە شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەکۆنگریەکی ڕۆژنامەوانیدا دەستپێشخەرییەکی تایبەت دروستکردنەوەی باڵانسی هێز لەهەرێمی کوردستان لەدەرەوەی پارتی خستە ڕوو، ناوبراو داوای لەلایەنە سیاسییەکانی تر کرد کەهەموویان بەشداربن لەپڕۆژەیەک بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێانی حکومەتی هەرێمی کوردستان .
یەکەم کاردانەوە دوای داواکەی شاسوار عەبدولواحید ، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ڕایگەیاند کە یەکێتی لەگەڵ ئەو دەستپێشخەرییەدایەو هەردوێنێش لەگەڵ وەفدێکی باڵای یەکێتی سەردانی شاسوار عەبدولواحیدی کرد و پێکەوە کۆبونەوە.
لەدوای کۆبونەوەکە، بافڵ تاڵەبانی ڕایگەیاند، "دەبوو ساڵی پار لەگەڵ هەمان دەستپێشخەریدابووینایە کە " کاک شاسوار کردی بەڵام دوای ئەزموون گەڕاینەوە بۆ هەمان دەستپێشخەری، پێمانوایە چارەسەری دۆخی هەرێمی کوردستان دەکات".
هەر لەکۆنگرەکەدا هەردوو سەرکردە رایانگەیاند، "ئەو لایەنەی بەشداری پڕۆژەکە نەکات واتە بەشدارە لەدرێژەپێدانی ئەم دەسەڵاتەی پارتی کەلەئێستادا سەرجەم جومگە گرنگەکانی دەسەڵاتی سیاسی و ئیداری هەرێمی کوردستانی بەدەستەوەیە".
لەدوای ئەوەی ڕۆژی پێنجشەممە شاسوار عەبدولواحید دەستپێشخەرییەکەی ڕاگەیاند و گۆمی مەنگی ساڵ و نیوێک لەگفتووگۆی نێوان پارتی و یەکێتی شڵەقاو دۆخەکە گۆڕدرا.
پارتی دیموکراتی کوردستان لەکاردانەوەیەکی خێرادا ڕایگەیاند، "حکومەتی هەرێمی کوردستان بێ پارتی پێکنایەت، ئەمەشی لەئاڤا میدیاوە لەڕێگەی سەرچاوەیەکەوە بڵاوکردەوە".
بافڵ تاڵەبانی دوێنی لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی دوای کۆبونەوەکەی نێوان وەفدی یەکێتی و نەوەی نوێ لەگوندی ئەڵمانی ووتی : ئەم دەستپێشخەرییە بۆ ئەوە نییە پارتی بکرێتە دەرەوەی سیستەمی حوکمڕانی بەڵکو بەپێچەوانەوە پڕۆژەکە بۆ دروستکردنەوەس باڵانسی هێزە لەهەرێمی کوردستان .
پێشتر یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەکۆبونەوەکانیدا لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان داوای شەریکایەتی ڕاستەقینەی لەپارتی دەکرد، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان دیووت " ناگەڕێینەوە بۆ سیستەمی فیفتی فیفتی "
ئەگەر ئەم پڕۆژەیەی شاسوار عەبدولواحید سەری گرت کورسییەکانی هاوپەیمانێتی نەوەی نوێ و یەکێتی دەگەنە 38 کورسی ، دوو کورسی کۆتاکانیشی دەچێتە سەر و دەبێتە 40 کورسی، بافڵ تاڵەبانی وتی، "کورسییەکانمان زیاتریش دەبن".
AM:10:17:18/01/2026
ئهم بابهته 312
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت