شاخەوان عەبدوڵڵا بۆ بافڵ تاڵەبانی: لە بەغدا یاریکەرنیت، بەڵکو یاری پێکراوی


وێستگەنیوز-

سەرۆکی فراکیسۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبەغدا یاریکەرنییە بەڵکو یاری پێکراوە، ئاماژە بەوەشدەکات، پەروەردەی ڕێبازێکن وافێرکراوین بۆ پارێزگاری لەخەڵک و خاکی کوردستان.


شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق لە نووسینێكدا بە ناونیشانی "وەڵامێک بۆ کاک بافڵ" نوسیویەتی، "بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا باسی لەوەکرد بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بەدوو کاندید دەچینە پەرلەمان ئەو کاتیش لە کاک شاخەوان بپرسن چی دەبێت، منیش دەڵێم ئەگەر مەبەستت پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمانە پارتی سەرکەوتوو بوو لەوەی جارێکی تر پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمان وەرگرێتەوە، ئەگەر مەبەستت ئەوەیە تۆ نەتهێشتوە من ببمەوە جێگری سەرۆکی پەرلەمان لەمەشدا هەڵەی، چونکە جەنابت لە بەغدا یاریکەرنیت بەڵکو یاری پێکراوی واتە وەکو بەشێک لەو هێزانەی ئێستا لە گۆڕەپانی سیاسین تەنها بڕیارو ڕاسپاردە جێبەجێ دەکەن نەک ئەوەی خاوەن بڕیاری خۆتان بن".

ئاماژەی بەوەکردووە، "خۆ هەر ئەوکەسەی ئەمری بە جەنابت کرد دەنگ بەمن نەدەن و هەرئەوەی سەرۆکی پەرلەمان و جێگری یەکەمی دەست نیشان کرد لەدەرەوەی پە رلەمان داوای لە ئێمەش کرد برۆین چایەکی لا بخۆین، بەڵام رەتمانکردەوە، چونکە ئێمە پەروەردەی رێبازێکین وافێرکراوین بۆ پارێزگاری لە خەڵک و خاکی کوردستان جگە لەخودای گەورە پشت بە رەوایەتی قەزێکەمان و خەبات و قوربانی گەلەکەمان ببەستین و بڕیار و راسپاردەش تەنها لەسەرۆک و ڕابەرمان وەرگرین، نەک وەک خەڵکی تر لەژێر ترس و هەڕەشە مەوقفیان بگۆڕن و بچنە بەرەیەکی دۆڕاوەوە".

شاخەوان عەبدوڵڵا دەڵێت، "لە رۆژی 29 و 30 مانگ وێڕای ئەو هەموو پیلانگێڕیی و هەڕەشانە نەک دوو خولەک بەڵکو 10 خولەکی تریش هەڵبژاردن ئەنجامبدرایا ئێمە نەئەدۆڕاین، بەڵام بەکشانەوەی من تەواوی پیلانگێڕییەکە لە گۆڕنراو ئەو پۆستە لەدەستێکی ئەمیندا مایەوە کە ئەویش پارتی دیموکراتی کوردستانە".

دەشڵێت، "دەمەوێت ئەوەش بڵیم خۆ ئێوە لە هەڵبژاردنی مانگی 11ش لە کەرکوک هەوڵێکی زۆرتان دا ئێمە سەرنەکەوین بۆ پەرلەمان، بەڵام خەڵکی کەرکوک تەنانەت بەشێک لە یەکێتییەکانیش بڕیاری خۆیان داو پشتگیری ئێمەیان کردو دیسان متمانەیان پێمان بەخشی".


AM:09:19:18/01/2026


ئه‌م بابه‌ته 508 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت