مەسعود بارزانی بۆ تۆم باراك: پێویستە لە داهاتووی سوریادا مافەكانی گەلی كورد گەرەنتی بكرێت


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ شەممە 17ی كانوونی دووەمی 2026 لە پیرمام مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشوازی لە تۆم باراك، نوێنەری دۆناڵد ترەمپ بۆ كاروباری سوریا و باڵیۆزی ئەمەریكا لە توركیا و شاندی یاوەری كرد.


وەک بارەگای بارزانی بڵاویکردووەتەوە، لە دیدارەكەدا كە مەسروور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش ئامادەی بوو، تۆم باراك سڵاو و ڕێزی ترەمپی بە مەسعود بارزانی گەیاند، هەروەها پێزانینی بۆ رۆڵی مەسعود بارزانی هەبوو لە پڕۆسەی ئاشتی و هێوركردنەوەی رووداوەكانی ئەم دواییەی سوریا.

ئاماژە بەوەکراوە، هەر لەو دیدارەدا بارودۆخی سوریا و دوایین گۆڕانكارییە مەیدانیەكان خرایە بەر باس و گفتوگۆ و جەخت لەوە كرایەوە كە بۆ گەییشتن بە چارەسەریی كێشەكان پێویستە پشت بە دیالۆگ و لێكتێگەیشتن و شێوازی ئاشتیانە ببەسترێت.

لە بەشێكی تری ئەو دیدارەدا مەسعود بارزانی سوپاسی رۆڵی ئەمەریكای لە یارمەتیدانی لایەنەكانی سوریا كرد بۆ گەیشتن بە چارەسەركردنی كێشەكان و جەختیشی لەوە كردەوە، پێویستە لە داهاتووی سوریادا مافەكانی گەلی كورد گەرەنتی بكرێت.


PM:05:22:17/01/2026










ئه‌م بابه‌ته 148 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت