نێچیرڤان بارزانی: پێشوازی لە مەرسومەکەی ئەحمەد شەرع دەکەم بۆ دانپێدانان بە مافەکانی کورد
وێستگەنیوز-
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا پشتیوانی خۆی بۆ مەرسومە نوێیەکەی سەرۆکایەتی سوریا سەبارەت بە دانپێدانان بە مافەکانی کورد دەربڕی.
نێچیرڤان بارزانی دەستخۆشی لە مەرسومەکەی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا دەکات کە رۆژی ڕابردوو دەرچووە و تێیدا کورد وەک پێکهاتەیەکی رەسەنی وڵاتەکە ناسێندراوە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەم بڕیارە بە هەنگاوێکی سیاسی و یاسایی دروست و گرنگ وەسفدەکات کە دەبێتە هۆی زامنکردنی مافەکانی هەمووان و پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی کورد لە سوریادا.
نێچیرڤان بارزانی لە پەیامەکەیدا ئاماژە بەوەدەکات، رێزگرتن لە فرەیی و یەکسانی نەک هەر نابێتە هۆی یەکبوون، بەڵکو وەک سەرچاوەی هێز و کۆڵەکەی سەقامگیری و ئاشتی و بەهێزکردنی پێکەوەژیانی نیشتمانی لە قەڵەم دەدرێت.
هەروەها جەخت دەکاتەوە لەوەی، بایەخی ڕرستەقینەی ئەم بڕیارانە کاتێک دەردەکەوێت کە ببنە یاسای کارپێکراو و لە دەستووری داهاتووی سووریادا جێگیر بکرێن بۆ ئەوەی پارێزبەندییەکی هەمیشەییان هەبێت.
هەرێمی کوردستان پشتیوانی هەر هەوڵێک دەکات کە ئامانجی دروستکردنی دەوڵەتێکی گشتگیر بێت لە سوریا، بە شێوەیەک کە دوور بێت لە پەراوێزخستن و جیاکاری، هەروەها مافە سیاسی و کولتوورییەکانی هەمووان تێیدا پارێزراو بێت، ئەمەش بە فاکتەرێکی سەرەکی بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی ناوچەکە دەزانێت.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوا لە سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات بە دوور لە تووندوتیژی و بە هەماهەنگی، میکانیزمی روون بۆ جێبەجێکردنی ئەم مەرسومە دابنێن و بیخەنە بواری کردەییەوە.
هەروەها ئامادەیی تەواوی هەرێمی کوردستانی بۆ هەر جۆرە هاوکارییەک نیشان داوە کە خزمەت بە ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە بکات.
ئەم هەڵوێستەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە کە سوریا قۆناغێکی هەستیاری گۆڕانکاری سیاسی بەڕێدەکات، مەرسومەکەی سەرۆکایەتی سوریا بۆ ناساندنی کورد وەک پێکهاتەیەکی رەسەن، گۆڕانکارییەکی بنەڕەتییە لە دیدگای دەسەڵاتی نوێی ئەو وڵاتە بەرامبەر بە پرسی کورد.
PM:04:29:17/01/2026
ئهم بابهته 244
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت